بە گوێرەی میدیاکانی ئێران لە بەردەوامی دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و گرانبوونی زیاتری نرخی زێر لەو وڵاتە، بەشێک لەپەرلەمانتاران داوای لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی دەکەن.
پاش تێپەڕبوونى نزیکەی پێنج مانگ لە دەستبەکاربوونی لە کابینەی پزشکیان وەکو وەزیری دارایی، ئێستا پەرلەمانتاران داوای لێسەندنەوەی متمانە لە عەبدولناسر هیمەتی دەکەن و بۆچوونیان وایە بەڵێنەکانی هیمەتی نەک تەنیا نەیانتوانیوە دۆخی دارایی وڵات بەرەو باشى ببات، بەڵکو وایکردووە نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی مێژوویی تۆمار بکات.
ئەحمەد نادری، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران، باسی لە تۆمارکردنی دوو پێشنیازی فەرمی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە هەردوو وەزیری دارایی و نەوت کردووە و ئاماژەى بەوەداوە بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە وەزیری دارایی 70 واژۆ بۆ وەزیری نەوتیش 23 واژۆ کۆکراونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا عەبدولناسر هیمەتى وەزیری دارایی و محەمەد رەزا فەرزین سەرۆکی بانکی ناوەندی و ئەندامانی کۆمسیۆنی ئابووریی و پەرلەمانتاران چەندین دانیشتنیان هەبوو، بەڵام هەوڵەکانیان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەزینی بەهای تمەن نەبووە ئەمەش وایکردووە هەوڵەکان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە هیمەتى جدیتر ببن. پەرلەمانتارانى ئێران باسیانلەوەکردووە ناتوانن چاوەڕوان بن تاوەکو بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار بگاتە دە ملیۆن.