ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ نوێنەرانى کورد لە بەغداد کۆبووەوەو بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانى کورد پێکبهێندرێت و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆببێتەوە و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکەى پێبگەیەنن.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، حکومەت و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2025 بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێبگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت.
هەر لەبڕیارەکاندا هاتووە "وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشداربێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، حکومەتى هەرێمى کوردستان داوادەکات، لە ئێستاوە کار لە یاسای بودجەی فیدراڵ بکرێت و لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان بە گوێرەى سەرژمێریی گشتیی ساڵی رابردوو، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەکە دیاریبکرێت.