وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت

test
تاوەرێکی کارەبا لە سلێمانی، فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵى رابردوو بە تێکڕا نزیکەى 13 کاتژمێر کارەبایان بۆ هاوبەشانى کارەبا دابینکردووە.

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە بۆ حەوت هەزار و 500 مێگاوات، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار و 500 مێگاواتە، لەئێستادا چوار هەزار مێگاوات کورتهێنان هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە زیادبوونی هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کراوە لە کابینەی نۆیەمدا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا، نەتوانراوە بەتەواوەتی خواست پڕ بکرێتەوە، هاوبەشەکانیش بریتی بوون لە كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن، كارگە پیشەسازییەكان، پرۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان، لە ئەنجامدا لەساڵی 2024دا بە تێکڕا رۆژانە بڕی 12 کاتژمێر و 44 خولەک کارەبا دابینکراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە چەندین هۆکار دەکرێت، کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەوانە : "زیادبوونی تێچووەکان، کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز".

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان، لە رێگەی کارکردن بە سیستمی پێوەری زیرەک و پرۆژەی رووناکی 24 کاتژمێریی دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.

loading....