سوودەکانی خۆراکە دەریاییەکان

خواردنە دەریاییەکان وەکو رۆبیان، ئەستێرەی دەریا، قرژاڵ و چەند جۆرێکی دیکە خەریکن لە هەرێمی کوردستان دەبنە باو. پسپۆڕان زۆر باس لە سوودەکانی ئەم جۆرە خۆراکانە دەکەن، چونکە دەوڵەمەندن بە کۆمەڵێک ماددەی خۆراکی و بەشێکیان لە خۆراکەکانی دیکەدا دەستناکەون.
دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا سێ: ئەم جۆرەی چەوری کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ماسیی سالمۆن و تونادا هەیە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستیی دڵ هەیە، چونکە رێژەی چەورییە خراپەکان کەمدەکاتەوە و فشاری خوێن دادەبەزێنێت. توێژینەوەیەک، کە پێداچوونەوەی کردووە بۆ 74 توێژینەوەی دیکە، دەریخستووە خواردنی ماسی، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و پەککەوتنی دڵ کەمدەکاتەوە.
ئۆمێگا-3 یەکێکە لەو چەورییانەی بۆ تەندروستیی مێشک گرنگە. رۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی یادگە، مەزاج و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیربوون لەسەر توانا هزرییەکان.
ڤیتامین دی: سەرەکیترین سەرچاوەی ڤیتامین دی هەتاوە. پسپۆڕان رێنمایی ئەوە دەدەن کە رۆژانە بۆ ماوەی 20 خولەک بچیتە بەر هەتاو؛ بەڵام دەبێت چوارسێی جەستەت بە دەرەوە بێت. ئەمەش زیاتر لە وەرزی هاویندا سوودی دەبێت. لەوانەیە ئەم رێگەیەی وەرگرتنی ڤیتامین دی بۆ هەموو کەسێک ئاسان نەبیت. ئەگەر کەسێک بیەوێت ڤیتامین دی لە خۆراکەوە وەربگرێت، هەرچەندە لەوانەیە قورس بێت و خۆراکێکی ئەوتۆ نەبێت کە بڕی پێویست لە ڤیتامین دی تێدابێت، بەڵام خواردنە دەریاییەکان لە باشترین بژاردەکانن.
سوودیان بۆ خەمۆکی هەیە: خەمۆکی پەشێوییەکی دەروونیی باوە. نزیکەی 280 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەستییەوە دەناڵێنن. توێژینەوەیەک کە لە وڵاتی ئیتاڵیا کراوە، باس لەوە دەکات ئەو کەسانەی ماسی و خواردنە دەریاییەکان دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی کەمتردەبێتەوە.
تەنانەت توێژینەوەی دیکە هەن کە باس لە سوودەکانی خواردنە دەریاییەکان بۆ رێگریکردن و چارەسەرکردنی پەشێویی دوو جەمسەری دەکەن.
لەوانەیە سوودی بۆ رەبۆ هەبێت: رەبۆ نەخۆشییەکە زیاتر لە منداڵاندا روودەدات، بەرەبەرە لەوانەیە لەگەڵ گەورەبووندا نەمێنێت. لە چەند دەیەی رابردوودا رێژەی تووشبوونی منداڵان بە رەبۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. لە رەبۆدا، کەسەکە هەوکردنێکی زۆری لە بۆرییەکانی هەناسەیدا دەبێت. توێژینەوەیەک دەریخستووە خواردنی ماسی و خۆراکە دەریاییەکان ئەگەری تووشبوون بە رەبۆ لە منداڵاندا بە رێژەی %24 کەمدەکاتەوە.
لە کاتی پیربووندا چاو لاوازنابێت: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی چاو، پیرییە. توێژینەوەیەک کە لەسەر خانمان کراوە، دەریخستووە خواردنی ماسی ئەگەری لاوازبوونی بینایی لە پیربووندا بە رێژەی %42 کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە هەفتانە جارێک خواردنی ماسی ئەگەری لاوازبوونی بینایی لەگەڵ پیربووندا بە رێژەی %53 کەمدەکاتەوە.