وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، تەواوی مووچەی فەرمانبەرانمان بۆ ساڵی 2024 رەوانەکردووەکە بڕەکەی زیاترە لە 11 ترلیۆن دینار.
ئاژانسى هەواڵى عێراق راگەیەندراوێکى لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی دارایی عێراق و دیارترین ئاڵنگارییەکان کردووە کە رووبەڕووی پرۆسەی پارەدارکردن و خەرجکردن دەبنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گوتویەتی، تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 رەوانەکراوە و بەرپرس نییە لە نەگەیشتنی مووچە بە مووچەخۆران.
تەیف سامی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی فیدراڵی بڕی 11 ترلیۆن دیناری وەک مووچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتییان رادەستی حکومەتی عێراق نەکردووە. باسی لەوەشکردووە، راپۆرتەکانی پێداچوونەوە دەریانخستووە کە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنیا 320 ملیار دینار رادەستکراوە.