بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی حکومەتێکی دەوێت ئامانجەكەی پاراستنى مافى خەڵک بێت

کەناڵ8 11/01/2025
test

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، جەخت لە مەرجەکانى حیزبەکەى بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەم دەکاتەوە و دەڵێت حکومەتێکی دەوێت كە پاراستنی مافی خەڵك و باشتركردنی ژیانیان ئامانجەكەی بێت.

لەدیدارێكدا لەگەڵ ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە دەباشان، بافڵ جەلال تاڵەبانى دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمى کوردستان و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی تاوتوێكرد.

پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیکەى دیدارەكە بووە، لەوبارەیەوە سەرۆکى یەکێتى گوتى "پێشتر باسمان لە هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی دادپەروەر و خزمەتگوزار كردووە و ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە، یەكێتی حکومەتێکی دەوێت كە پاراستنی مافی خەڵك و باشتركردنی ژیانیان ئامانجەكەی بێت، دوور لە جیاكاری خزمەتی هەموولایەك بكات و كار بۆ بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان بكات". هەروەها بە پێویستى زانیوە حکومەتى نوێ "بە روانین و دیدگایەكی نوێوە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدات و كوردستان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بكات".

لەبارەی دۆخی سووریا و كوردانی رۆژئاوا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، جەخت لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بەتایبەت گەلی كورد دەكەنەوە و هەوڵەكانیشدان لەو پێناوەدا بەردەوامە. هیوایخواستووە هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا پەیڕەو بكرێت.

سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بافڵ جەلال تاڵەبانى، ستایشی هاوكارییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانانی بەتایبەت ئەمریكای كرد و گوتی "دەبێت هێزی پێشمەرگە بە بیركردنەوەیەكی نیشتمانییانە و دوور لە دەستتێوەردانی حزبی رێكبخرێتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایەش یەكێتی بەهەمووشێوەیەك پشتیوان دەبێت".

11/01/2025
loading....