پلاندانانى عێراق: رۆژانە 50 بۆ75 كیلۆ زێڕ هاوردە دەکرێت

کەناڵ8 12/01/2025
test
زێڕنگەرێک لەناو بازاڕی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

وەزارەتی پلاندانانى عێراق رایگەیاند، رۆژانە 50 بۆ75 كیلۆ زێڕ هاوردەى وڵاتەکە دەکرێت.

عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، هاوردەى زێڕ بە فەرمى بۆ عێراق بەردەوامە و رۆژانە بە تێكڕا هاوردەکردنى نزیكەی 50 بۆ 75 كیلۆ زێڕ لە رێگەی دەروازە فەرمییەكانەوە تۆمار دەكرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، ئاماژەی بەوەشكرد، كاری سەنتەرەكانی پشكنینی زێڕ لە فڕۆكەخانەكانی بەغداد، نەجەف و بەسرە بەردەوامە و بەم نزیكانە سەنتەری پشكنینی زێڕ لە فڕۆكەخانەى كەركوكیش دەکرێتەوە.

هینداوی روونیشیكردەوە، عێراق یەكێكە لەو سێ وڵاتەى كە خاوەنی ئامێری وردبینییە بۆ پشکنینى زێڕ و تەواوى رێکارەکانى پشکنینەکەش لەناو فڕۆکەخانەکان دەکرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەى داتاکانى ئەنجوومەنی زێڕی جیهانی، عێراق بە زیاتر لە 150 تۆن، پلەی چوارەمی وڵاتانى عەرەبی لە یەدەگى زێڕ گرتووە.

12/01/2025
loading....