پسپۆڕێک: هیچ بەردێکی زراو سەلامەت نییە

تورەکەی زراو، تورەکەیەکە کە ئەرکی هەڵگرتنی ئەو زەرداوەیە کە جگەر دەریدەدات، زەرداویش ئەرکی سەرەکیی یارمەتیدانی هەرسە بەتایبەتی هەرسکردنی خواردنە چەورەکان. هەندێجار لە ئەنجامی خەستبوونەوەی زەرداوی ناو تورەکەی زراو، کەسەکە لە زراویدا بەرد دروستدەبێت، هۆکاری خەستبوونەوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهاوسەنگی لە پێکهاتەی زەرداوەکە.
چارەسەری سەرەکی و یەکجاریی بەردی زراو نەشتەرگەریی لابردنی توورەکەی زراوە، د. حەبیب مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت هەموو ئەوانەی بەردی زراویان هەیە دەبێت نەشتەرگەری بکەن.
پسپۆڕەکەی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر دەڵێت "زۆرجار چارەخواز پرسیاری ئەوەی بۆ دروستدەبێت کە ئایا بەردی زراو گەورە بێت نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت یان بچووک بێت، لەڕووی پزیشکییەوە هیچ بەردێکی زراو نییە سەلامەت بێت و جێگەی مەترسی نەبێت".
د. حەبیب مەحمود دەڵێت ئەگەر بەردی زراو بچوک بێت، ئەوا بە بۆریی زراودا تێدەپەڕێت و لەوانەیە ببێتەهۆی زەردوویی و هەوکردنی پەنکریاس و مەترسیی لەسەر ژیانی دروستبکات و پێویستی بە چاودێریی ورد بێت.
پسپۆڕەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ئەگەر بەردی زراو گەورە بێت ئەوا دەبێتەهۆی گیرانی دەمی توورەکەی زراو و هەوکردنی توندی زراو، ئەو کەسانەشی بەردەکەیان لە سێ سانتیمەتر زیاترە ئەگەریان هەیە تووشی شێرپەنجەی زراو ببن".