ژێرزەمینە پەنهانەکانی ئایا سۆفیا بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێنەوە

ژێرزەمینە پەنهانەکانی ئایا سۆفیا، بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێنەوە و لە چەندین بەشی جیاواز و نهێنیی پێکهاتوون.
ئایا سۆفیا، کە لە ئاستی جیهانییدا بە یەکێک لە بنیادە مرۆییە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، ئێستا لەلایەن وەزارەتی کولتووری وڵاتی تورکیاوە، کار دەکرێت بۆ پاککردنەوەی ژێرزەمینە پەنهان و نهێنییەکانی، تاوەکو بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.

ژێرزەمینەکانی ئایا سۆفیا، لە چەندین بەشی جیاواز پێکهاتوون، لەوانە: گەنجینە، زیندان، راڕەو و ژووری تایبەت، کە پێکڕا، بەهایەکی گەورەی مێژووییان هەیە و بەدرێژایی مێژوو خزمەتیان بە فەرمانڕەواکانی شاری ئیستانبوڵ کردووە.

ئایا سۆفیا لە سەدەی شەشەم دروستکراوە، بەشێک لە ژێرزەمین و ژوورە پەنهانەکانی، پێش بنیادنانی تەلارەکەی دروستکراون و ژێرخانێکی گەورەبوون بۆ تەلارەکە، پاشان لەگەڵ دروستکردنیدا، ژێرزەمینی زیاتری بۆ دروستکراوە و زۆرینەی راڕەوەکان بەیەکترەوە بەستراونەتەوە.
