رێگەی زینی وەرتێ بەهۆی بەفربارینەوە داخرا

رێگەی زینی وەرتێ کە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی بەفربارینەوە داخرا، داواش لە شۆفێران دەکرێت لەبەر سەلامەتیى خۆیان و سەرنشینەکانیان رێگەکە بەکارنەهێنن.
لە دوا نیوەڕۆى رۆژى شەممەوە، شەپۆلێکى بارانبارین ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە و بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمى کوردستان، لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفربارین دەستیپێکردووە.
راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی شارەدێى وەرتێ، بڵاویکردەوە، بەهۆی هاتنی شەپۆلی بەفر و باران و گۆڕانى کەشوهەواى ناوچەکەیان، لەئێستادا رێگەی زینی وەرتێ کە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی بەفربارین بەتەواوەتی داخراوە.
بەرێوەبەرایەتییەکە داواش لە شۆفێران دەکات، لەپێناو سەلامەتیى خۆیان و سەرنشینەکانیان، ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن، تاوەکو تیمەکانی پاککردنەوە و راماڵینی بەفر دەگەنە شوێنەکە و رێگەکە پاکدەکەنەوە.
بەگوێرەى بەشى کەشناسى لە وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و نمەبارانیش بەردەوام دەبێت.