داهاتی نانەوتیی سلێمانی کەمیکرد

test
دیناری عێراقی. فۆتۆ: کەناڵ8

بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی نانەوتیی سلێمانی لە 10 رۆژی یەکەمی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کەمتر بووە لە حەوت ملیار دینار، نزیکەی 15 ملیار و نیوی کەمترە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

ئالان غەریب، بەپرس لە داهاتی نانەوتیی سلێمانی لە ماڵپەڕی شەفافییەت بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "بایکۆتی فەرمانبەران و دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی داهات، بەجۆرێک ئەگەر لە مانگەکانی 10 و 11 مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشکرایە و مووچەی مانگی 12 بدرایە، ئەوا داهات زیادی دەکرد، چونکە دواکەوتن و نادڵنیایی لە دابەشکردنی مووچە وایکردووە هاونیشتمانی کرێی ئاو و کارەبا نەدات یاخود دوای بخەن".

گوتیشی، "خاوەن کار و فرۆشگە و بازرگانەکان بەهۆی کەمبوونەوەی جووڵەی بازاڕەوە باجیان نەداوە، کە هۆکاری سەرەکیی ئەو بێ بازاڕییەش، هەر دواکەوتنی مووچە بووە".

بەرپرسەکەی ماڵپەڕی شەفافییەت گوتی، "یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، ئەوەیە بانکی سەروەری لە ئەمساڵدا لە 10ـی مانگەوە پاکتاوی خەرجیی و داهاتی ساڵانەی دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی، رووی لە کەمیی کردووە بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا ئێران پێیدا تێدەپەڕێت".

داهاتی نانەوتیی سلێمانی لە نێوان 1 بۆ 11ـی کانوونی دووەم تەنیا شەش ملیار و 111 ملیۆن و 732 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، داهات 21 ملیار و 578 ملیۆن و 311 هەزار دینار بووە.

loading....