سعودیە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی سووریا دەکات

کەناڵ8 12/01/2025
test
فۆتۆ: AFP

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی کانوونی دووەمی 2025) سعودیە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی وەزاریی فراوان لەبارەی دۆخی سووریا دەکات، وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و تورکیا بەشداریی دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، دەڵێت، بەر لە کۆبوونەوە فراوانەکە، نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی لەنێو خۆیاندا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەن، پاشان لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و تورکیا کۆدەبنەوە، ئەمریکاش لەسەر ئاستی جێگری وەزیری دەرەوە بەشداریی گفتوگۆکان دەکات.

بەرپرسێکی سعودیە، بە فرانس پرێسی گوتووە، کۆبوونەوەکان تایبەت دەبن بە دۆخی گشتیی سووریا، لەنێویاندا پشتوانیی لە ئیدارەی نوێی وڵاتەکە و ئەگەری هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان.

کۆبوونەوە وەزارییەکەی ئەمڕۆی سعودیە، درێژکراوەی گفتوگۆکانی مانگی رابردووی عەقەبەی ئوردن دەبێت، دوایین پێشهاتەکانی سووریای پاش رووخانی بەشار ئەسەد تاوتوێدەکرێت.

بڕیارە جۆن باس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی بکات لە کۆبوونەوە فراوانەکەدا، هاوکات بە فەرمی یەکلابووەتەوە، کە هەریەک لە ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەن.

لە دوێنێ شەممەوە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتان گەیشتوونەتە سعودیە، لەنێویاندا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، جگە لە هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی کوەیت، ئیمارات و ئوردن.

12/01/2025