دوایین زیندانیکراوى گوانتانامۆ رادەستى عێراق دەکرێتەوە

عەبدولهادی عێراقی کە یەکێکە لە دوایین زیندانیکراوەکانی ناو گوانتانامۆ و کەسایەتییەکی نزیکی ئوسامە بنلادن بووە، بڕیارە بنێردرێتەوە بۆ زیندانێکی عێراق، بەڵام هاوسەرەکەى داوا دەکات رادەستی بەغداد نەکرێتەوە.
عەبدولهادی عێراقی تەمەن 63 ساڵ، بە یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی قاعیدە دادەنرێت و لەپاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەڕاندنەوەی بۆ زیندانێک لە موسڵ، هاوسەرەکەی داوایکردووە، بەهۆکاریی مرۆیی ئازاد بکرێت یاخود لانیکەم نەنێردرێتەوە بۆ عێراق، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە و دەڵێت "زیندانەکانی عێراق زۆر خراپن" جگە لەوەی "عەبدولهادی لە گوانتانامۆ زیندوو دەمێنێت، بەڵام لە عێراق نا، ئەو تەنیا چەند مانگێک لەوێ زیندوو دەمێنێت".
پێشووتر، عەبدولهادی داوایەکی یاسایی لە دادگاکانی ئەمریکا بەرزکردبووەوە لە دژی گواستنەوەی بۆ عێراق، ئەوەش بە پاساوی مەترسی لەسەر ژیانی، جگە لە وەرنەگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بۆ نەخۆشییەکەی، کە تاوەکو ئێستا لە زیندانی گوانتانامۆ شەش نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشتی بۆ کراوە و توانای رێکردنی نەماوە و لەسەر کورسی جوڵاوە.
سۆنیا ئەمیری، کە هاوسەری عەبدولهادییە بە کەناڵی "بی بی سی" بەریتانی راگەیاندووە، ئەو لەو بڕوایەدایە مەترسی لەسەر ژیانی عەبدولهادی هەیە، دەشڵێت "دەبێت بنێردرێتەوە ئەفغانستان، چونکە هەم خۆی هەمیش چوار منداڵەکەی ئەفغانین، سەبارەت بە زانیاریی ئەو لەسەر چالاکییەکانی عەبدولهادى دەڵێت: هیچ زانیاریم لەسەری نەبووە و بەناوى عەبدولڕەحمان ناسیومە.
عەبدولهادی عێراقی، ناوی راستەقینەی نشوان تامرە، بە رەچەڵەک خەڵکی موسڵە و لەدایکبووی ساڵی 1961ـە. لە هەشتاکاندا ئەفسەری سوپای عێراق بووە و چووەتە ئەفغانستان و لەوێ بووەتە فەرماندەی سەربازیی باڵا لە رێکخراوی قاعیدە، ساڵی 2006 لە تورکیا دەستگیرکرا و رادەستی هەواڵگریی ئەمریکا کراوە، ساڵی 2022 عەبدولهادی عێراقی پاش 16 ساڵ لە زیندانیکردنی، دانیناوە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بەکارهێنانی هاوڵاتی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی لە چالاکییەکانیدا، هەربۆیە دادوەرێکی سەربازیی ئەمریکی سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
گواستنەوەی عەبدولهادی عێراقی لەکاتێکدایە، زیندانی گوانتانامۆ کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کوباوە و لە دەرەوەی سنووری ئەمریکایە، لەساڵی 2002 لەلایەن جۆرج دەبلیو بۆشەوە لەپاش هێرشی 11ـی سێپتەمبەرەوە کراوەتەوە و ئەو تۆمەتبارانەی تێدا زیندانى کراون کە تێوەگلاون لە کردەوەى تیرۆر و 800 زیندانی تێدا بووە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ زیندانیکراوانی کەمبووەتەوە، پێشووتر لەم هەفتەیەدا، زیندانەکە 11 زیندانیکراویی یەمەنی گواستەوە بۆ عوممان و ئێستا تەنیا 15 زیندانیکراو لە گوانتانامۆدا ماونەتەوە یەکێکیش لەوان، عەبدولهادی عێراقییە و چارەنووسی گواستنەوەی تاوەکو ئێستا بە نادیاریی ماوەتەوە.