گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی دەستپێدەکەنەوە

test
ئاڵای ئێران

بڕیارە سبەی دووشەممە، گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی لە جنێفی پایتەختی سویسرا دەستپێبکەنەوە.

گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لەنێوان ئێران و ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت، بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت و پرسی ئەتۆمی تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت.

پێشتر فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، ئامادەی هەر دانوستاندنێکن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بەمەرجێک بەرژەوەندییە باڵاکانی تاران لە بەرچاو بگیرێت.

لە چەند رۆژى رابردوودا لە بارەی کۆبوونەوەکەوە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکەی ئەمجارە درێژکراوەی هەمان ئەو گفتوگۆیانەن لە رابردوودا هەبووە.

گوتیشی "جگە لە پرسی ئەتۆمی پرسی هەڵگرتنی سزاکان، دۆخی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکان تاوتوێدەکەن".

کۆبوونەوەکە پاش ئەوە دێت، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەرامبەر هاوکارینەکردنیان لەلایەن تارانەوە، لە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە هاوکاریی ئەمریکا ئامادەکرد و لە ئاژانسى ئەتۆم خستیانە دەنگدانەوە، بە 19 دەنگی بەڵێ لە کۆی 35 دەنگ پەسەند کرا.

بەگوێرەى ئاژانسەکە، ئێران 170 کیلۆ یۆرانیۆمی کۆگاکراوی هەیە و نزیکە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90%، تاران ئەمە رەتناکاتەوە، بەڵام دەڵێت بۆ بواری ئاشتیی بەکاریدەهێنێت.