بافڵ جەلال تاڵەبانى و نێچیرڤان بارزانی بەشداریى کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەن

ئێوارەى ئەمڕۆ لە بەغداد کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت و هەریەکە لە بافڵ جەلال تاڵەبانى و نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتى یەکێتى و پارتى بەشداریى دەکەن.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە لە ساڵى نوێدا و پاش سەردانەکەى محەمەد شیاع سودانى دێت بۆ تاران، چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامى ئەو سەردانە بخرێتەڕوو.
پێشتر دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا تاوتوێی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی حکومەتی عێراق دەکرێت، لەو نێوەندەدا کوردیش مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بۆ پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بکات.
دڵشاد شەهاب ئاشکراشیکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، چاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراق دەکەوێت، پرسی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە تەوەری گفتوگۆکان.
رۆژى 8ـی ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانى سەردانى تارانى کرد و سەرەتا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران و دواتر لەگەڵ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە.
هەمان رۆژ ماڵپەڕی فەرمیی خامنەیی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە مەسعود پزیشکیانیش ئامادەی بووە، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵەکانی سودانی بۆ ئاوەندانکردنەوە و بەرقەرارکردنی ئاسایش بە گرنگ زانیوە و رایگەیاندووە، ئاوەدانی و ئاسایشی عێراق لە سوودی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
راشیگەیاندووە، یەکڕیزیی ئایین و نەتەوەکان لە عێراق زۆر گرنگە و باسی ئەوەشیکردووە، حەشدی شەعبی یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی بەهێزبوونی عێراق و دەبێت لە پێناو پاراستن و بەهێزکردنیدا هەوڵی زیاتر بدرێت.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەسەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانى کابینەکەى محەمەد شیاع سودانى پێکدێت.