حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیاری بۆ رێگەگرتن لە پیسکردنى ژینگە دەرکرد

حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا رێکارى پێویست دژى ئەو پاڵاوگە و کارگە نایاساییانە بگرێتەبەر کە هۆکارى پیسکردنى ژینگەن، هەروەها رێگرى بکرێت لە ئاودانى سەوزە بەئاوى پیس.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەئامادەبوونى سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک تایبەت بەپیسبوونى هەواى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک ئەنجامدرا و تیایدا بڕیاردرا، رێکارى پێویست دژى ئەو پاڵاوگە و کارگانەى ژینگە پیس دەکەن بگیرێتەبەر.
هەر لەبڕیارەکانى کۆبوونەوەکەدا هاتووە، گرتنەبەرى رێکاری یاسایی دژى ئەوانەى سووتەمەنى خراپ دەفرۆشن بە هاونیشتمانییان، هەروەها دانانى فلتەر بۆ مۆلیدەى گەڕەک و شوێنە گشتى و تایبەتەکان.
حکومەت بڕیاریشیداوە، رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
دوابەدواى کۆبوونەوەکە گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ رێکارەکان دژى سەرپێچیکارانى ژینگە دەستپێدەکات.