هەموو ئەوەی پێویستە سەبارەت بە شێرپەنجەی پەنکریاس بیزانیت

پەنکریاس یەکێکە لە ئەندامە گرنگەکانی جەستە و فرمانی سەرەکیی بریتییەلە دروستکردنی ئەنزیمی تایبەت بە هەرسکردنی خۆراک و دروستکردنی ئەو هۆرمۆنانەی کە رۆڵیان لە رێکخستنەوەی شەکری خوێندا هەیە.
باوترین جۆری شێرپەنجەی پەنکریاس ئەو جۆرەیە کە لە ناوپۆشی بۆرییەکانی پەنکریاسدا سەرهەڵدەدات.
شێرپەنجەی پەنکریاس لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا هەتاوەکو بە چەند ئەندامێکی دیکەدا بڵاونەبێتەوە، پێینازانرێت و دەستنیشانناکرێت، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نەخۆشییەکە نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە.
نیشانەکان
ئەم شێرپەنجەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام لە قۆناغەکانی کۆتاییدا دەکرێت ئەم نیشانانەی خوارەوە دەربکەون:
- ئازاری سک کە بۆ کەلەکە و پشت بڵاودەبێتەوە
- دابەزینی کێشی بێ پلان
- زەردوویی کە لە پێست و سپێنەی چاودا دەردەکەوێت
- کاڵبوونی رەنگی پیسایی
- تۆخبوونی رەنگی میز
- خوران
- تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو، یان ئەگەر کەسێک خۆی شەکرەی هەبێت قورستر دەتوانێت کۆنترۆڵی دەکات
- ئازار و ئاوسانی قاچێک یان دەستێک کە لەوانەیە هۆکارەکەی کڵۆی خوێن بێت
- هەستکردن بە هیلاکی و بێهێزی
هۆکار
تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراوی تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس نەدۆزراوەتەوە، بەڵام زانست هەندێک هۆکاری دەرخستووە کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاددەکەن وەکو: جگەرەکێشان و هەبوونی مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشییەکە.
هۆکاری زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس
- جگەرەکێشان
- نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو
- هەوکردنی درێژخایەنی پەنکریاس
- مێژووی خێزانی
- قەڵەوی
- هەڵکشانی تەمەن
- خواردنەوەی کحول
ماکەکان
- دابەزینی کێش: وردەوردە خانە شێرپەنجەییەکان دەستدەکەن بە بەکارهێنانی وزەی زیاتر، ئەمەش دەبێتەهۆی دابەزینی کێش. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەرمانانەی بۆ ئەم نەخۆشییە بەکاردەهێنرێن دەبنەهۆی دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە، هەندێجاریش بەهۆی کەمبوونەوەی ئەنزیمەکانی هەرسکردنەوە جەستە توانای هەڵمژینی بەهاخۆراکییەکانی نامێنێت
- زەردوویی: ئەو جۆرەی شێرپەنجەی پەنکریاس کە تێیدا بۆریی زەرداوی جگەر دەگیرێت، دەبێتەهۆی تووشبوون بە زەردوویی. نیشانەکانی زەردووییش بریتینلە زەردبوونەوەی رەنگی پێست و سپێنەی چاو، هەروەها تۆخبوونی رەنگی میز و کاڵبوونەوەی رەنگی پیساییش لە نیشانەکانی زەردویین
- ئازار: گەورەبوونی گرێی شێرپەنجەیی لە پەنکریاسدا دەبێتەهۆی دروستبوونی پەستان لەسەر دەمارەکانی سک، ئەمەش ئازاری توند بۆ کەسە تووشبووەکە دروستدەکات
- گیرانی ریخۆڵە: گرێ شێرپەنجەییەکە دەکرێت هێندە گەورە ببێت کە یەکەم بەشی ریخۆڵە بگرێت
رێگریکردن لە تووشبوون
لەو کەسانەی کە مێژووی خێزانییان هەیە، واتە لە خێزانەکەیاندا تووشبووی نەخۆشییەکە هەیە، گرنگە ساڵانە پشکنینی پێشوەختە بکەن، پشکنینەکانیش لەڕێگەی ئێم ئاڕ ئای یان سۆنارەوە دەکرێت، هەموو ئەمانەش لە پێناو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا.
چۆن مەترسیی تووشبوون کەمبکرێتەوە؟
هەریەکێک لە دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و پاراستنی کێشێکی تەندروست، یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون دەدەن.