قورگئێشە چییە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی چین؟

قورگئێشە، کە هەندێجار لەوانەیە وەکو خوروو دەربکەوێت و دەبێتەهۆی سەختی لە قوتدان و قسەکردندا، زۆرینەی جار هۆکارەکەی ڤایرۆسییە. لەپاڵ قورگئێشەدا، دەکرێت نیشانەکانی کۆکە و ئاوی لووت هەبن. بەگشتی قورگئێشە و نیشانە هاوەڵەکانی لە ماوەی 10 رۆژێکدا نامێنن.
قورگئێشە چییە؟
قورگئێشە، هەوکردنی بەشی پشتەوەی دەمە، کە پێیدەگوترێت قورگ. هەوکردنەکە دەبێتەهۆی ئاوسانی قورگ و ئازار دروستدەکات. زۆر هۆکار هەن دەبنەهۆی ئازاری قورگ، بۆنموونە بەکتریا، ڤایرۆس، هەستەوەری و تەنانەت نووستن بە دەمی کراوەوە.
جۆرەکانی قورگئێشە
دوو جۆری سەرەکیی قورگئێشە هەن: هەوکردنی کورتخایەن کە سێ بۆ 10 رۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ هەوکردنی درێژخایەن، کە زیاتر لە 10 رۆژ دەخایەنێت.
نیشانەکانی هەوکردنی قورگ چین؟
سەرەتا هەوکردنی قورگ لەوانەیە بە هەستکردن بە وشکیی قوڕگ دەستپێبکات، دواتر هەستدەکەیت شتێکی تیژ لە قورگتدایە، بەتایبەت لە کاتی قوتدان و قسەکردندا، تەنانەت لەوانەیە لە گوێ و بەشی خوارەوەی ملیشتدا ئازارت هەبێت؛ نیشانەکانی دیکە دەکرێت ئەمانە بن:
- تا
- سەرئێشە
- تێكچوونی گەدە و هەرس
- گیرانی لووت
- ئاوکردنی لووت
- کۆکە
- شەکەتی
- گڕبوونی دەنگ
- ئاوسان و سووربوونەوەی ئالووەکان
هۆکاری قورگئێشە چییە؟
دەکرێت هۆکارەکانی قورگئێشە ئەمانە بن:
- هەوکردنی بەکتریایی
- هەوکردنی ڤایرۆسی
- هەوکردنی ئالووەکان
- هەستەوەری
- گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە
- جگەرەکێشان
- هەناسەدان لەڕێگەی دەمەوە
چارەسەرەکانی قورگئێشە چین؟
- دژەبەکتریا
- دژەهیستامین (دەرمانی هەستەوەری)
- دەرمانی ترشەڵۆکی گەدە