جیهان ئامادەیە بۆ رووبەڕووبەنەوەی پەتایەکی جیهانیی دیکە؟

پاش پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید لە جیهاندا و گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس و زیانی گەورەی دارایی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت کە لە کاتێکدا دەبوو پاش کۆڤید باشتر توانای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانمان هەبێت، بەڵام جیهان ئامادەنییە رووبەڕووی پەتایەکی جیهانیی دیکە ببێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، د. تێدرۆس ئەدهانۆم دەڵێت "ئەگەر پەتایەکی دیکەی جیهانی بڵاوببێتەوە، جیهان دووچاری هەمان ئەو گرفتانە دەبێتەوە کە لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤیددا رووبەڕوویان بووینەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیهان چەند وانەیەکی ئازاربەخشی لە کۆڤیدەوە وەرگرتووە و لە چەندین لایەنەوە هەوڵی بەهێزکردنی بەرگریی دژی نەخۆشییەکان دراوە".
یەکێکی دیکە لە پسپۆڕەکانی رێکخراوە جیهانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری ئەم ئامادەنەبوونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی دیکە، نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکانە لە وڵات و شوێنە جیاوازەکاندا، لەو پێداویستییە گرنگانەش وەکو ڤاکسینەکان کە رۆڵێکی گرنگیان لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکاندا هەیە.
پسپۆڕان دەڵێن کە سەرکەوتنی تەکنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئێن ئەی دەکرێت دەستکەوتێکی گەورەی زانستی پزیشکی بێت، بەڵام ئەگەر لە رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی جیهانیدا بەکاربهێنرێت، لەوانەیە هەر ئەم دەستکەوتە گەورەیە بەهۆی کەمیی هۆشیارییەوە گرفتی زۆر گەورەتری لێبکەوێتەوە.
ئێستا مەترسییەکی گەورەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لەناو مرۆڤدا هەیە، هەرچەندە ڤایرۆسەکە لە نێوان مرۆڤدا ناگوازرێتەوە و تەنیا لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەڵام لە چەندین جۆری جیاوازی ئاژەڵدا ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراوە، ئەمەش پێمان دەڵێت کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زیادبووندایە. دەشکرێت بە جۆرێک بازدانێک بەسەر ڤایرۆسەکەدا رووبدات و چیدی هێندە مەحاڵ نەبێت کە ڤایرۆسەکە لە نێوان مرۆڤیشدا بڵاوببێتەوە، هەربۆیە پسپۆڕان بە مەترسییەکی گەورە لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە دەڕوانن.
پسپۆران دەڵێن کە هێشتا جیهان ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی جیهانیی دیکە و لەوانەیە پێویست بە پێنج ساڵی دیکە بکات بۆ ئەوەی یەکە تەندروستییەکان توانای چاودێریکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییان بە شێوازێکی خێرا هەبێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گرنگە ئەوە لەبیر نەکرێت کە لە دوای کۆڤیدەوە دانیشتووانی جیهان بەباشی لە گرنگیی خۆجیاکردنەوە و بەکارهێنانی دەمامک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تێگەیشتوون.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چۆن هەوڵی ئامادەبوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی جیهانیی دیکە دەدات؟
رێکخراوە جیهانییەکە لە ساڵی 2021ـدا لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، سەنتەرێکی تایبەتی بۆ رێگریکردن لە پەتا کردەوە، سەنتەرەکە تایبەتکراوە بە کۆکردنەوەی زانیاری بۆئەوەی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتایەکی جیهانیدا خێرا درکی پێبکرێت و هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی بدرێت.
بەشی رووبەڕووبوونەوەی پەتا جیهانییەکانی بانکی جیهانی کە لە ساڵی 2022ـدا دامەزرا، تاوەکو ئێستا خەرجکردنی 885 ملیۆن دۆلاری بۆ 50 پڕۆژەی جیاواز لە 75 وڵاتی جیاوازدا پەسەندکردووە.
لەگەڵ ئەمانەشدا لە ساڵی 2023، سەنتەرێکی تایبەت بە تەکنەلۆجیای ڤاکسینی ئێم ئاڕ ئێن ئەی لە باشووری ئەفریقا و لە ساڵی 2022ـش سەنتەرێکی پیشەسازیی بایۆلۆجیی لە کۆریای باشوور بۆئەوەی توانای بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆیی باشترببێت کرانەوە، هەردوو ناوەندەکەش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پاڵپشتیی کراون.
زیاتر لە 200 زانای زانستی لە 50 وڵاتی جیاوازەوە زانیارییان لەسەر 1652 هۆکاری نەخۆشی (وەکو بەکتریا و ڤایرۆسەکان، بەتایبەتیش ڤایرۆسەکان) کۆکردووەتەوە، ئەمەش یارمەتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی دا لیستێکی تایبەت بە 30 هۆکاری نەخۆشی دروستبکات کە ئەگەریان هەیە لە ساڵی 2025ـدا بڵاوببنەوە.