وەزارەتی دارایی عێراق: هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە نەبووە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بە گوێرەی خشتەکانی بودجە ، ساڵی رابردوو زیاتر لە 11 ترلیۆن دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و دەشڵێت، هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە نەبووە و داهاتی ناوخۆی بۆ بەغداد نەگەڕاندووەتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی لەسەر شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2024دا 11 ترلیۆن و 561 ملیار و 522 ملیۆن دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشکردووە، بە گوێرەی خشتە پەسەندکراوەکانی ناو یاسای بودجە شایستەداراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان ناردووە بۆ سەرجەم توێژەکانی خانەنیشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە و داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد نەناردووە .
هەر لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێـت ، بەگوێرەی تەرازووی پێداچوونەوە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان چوار ترلیۆن و 350 ملیار دیناربووە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت، مانگانە مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگانە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە پارەکەی مانگانە دابیندەکرێت، هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیار نیین لە خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و دواخستنی خەرجکردنی ئەو مووچانە لە ئەنجامی پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.