هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت: کێشەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان سیاسیى نییە

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشدارى بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتىى نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغداد کۆبوەوە، لەدواى کۆبوونەوەکە هاوپەیمانییەکە لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت، هیچ هەڵوێستێکى سیاسى لەپشت کێشەی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نییە بەڵکو ئەو پرسە پرسێکى تەکنیکییە.
لەراگەیەندراوى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا هاتووە، هاوپەیمانییەکە جەختیکردووەتەوە ئەمساڵ کۆتا ساڵى ئەم خولەى پەرلەمان و حکومەتى ئێستایە، بۆیە پێویستە هەمووان بەو بەرنامەیەوە پابەندبن کە حکومەتى لەسەر پێکهێنراوە.
بەگوێرەى ناوەڕۆکى راگەیەندراوەکە، هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی لە چاکسازیی دارایی و ئابوورى دەکاتەوە کە حکومەت رایگەیاندووە، جەختدەکاتەوە هیچ هەڵوێستێکى سیاسى لەدۆسیەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەئارادانییە، بەڵکو ئەوەى هەیە کێشەى هونەری و تەکنیکییە و دەتوانرێت لەرێگەى گفتوگۆوە چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، هاوپەیمانییەکە داوایکرد کە عێراق بەردەوام بێت لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ڕووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی عێراق بپارێزێت و دووربکەوێتەوە لە ململانێ و قەیرانەکان.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر بارودۆخی سووریا، ئامادەیی عێراق بۆ پشتگیری لە گەلی سووریا دوپاتکرایەوە.