حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت و گازی ناوچەی ماددەی 140 راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بەشێوەیەکی تاک لایەنە نەوت و گازی ناوچەکانی ماددەی 140 ببات." دەشڵێت، "هەموو رێگەیەک دەگرینەبەر بۆ گێڕانەوەی مافی دەستووریمان".
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی هەردوو مادەی 110 و 115ـی دەستوور مافی رەها و تاک لایەنە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.
دەشڵێت، مادەی 112 ئاماژە دەدات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کێڵگانەی نەوت و گاز کە پێشتر دۆزراونەتەوە یاخود کۆنەکان بە هاوبەشی بەڕێوەببەن وەک ئەوانەی لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەی هەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا باسی ئەوەیکردووە، بەغداد پابەند کراوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگانەی پێشتر دۆزراونەتەوە رێکبکەوێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، "بەردەوام ئامادەبووین بەشداربین بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدراڵ بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستوورییەکان خۆی دزیوەتەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستا حکومەتی فیدراڵ لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆبکات بەبێ ئەوەی ماددەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112 لەبەرچاو بگرێت.
لەکۆتاییدا ئاماژە بەوەکراوە، "بە مافی دەستووریی خۆمان دەزانین بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەربێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بکەین بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک."