ترەمپ بۆ حاکمی کالیفۆڕنیا: لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگرەکاندا ناکارامەن

test
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، فۆتۆ: AP

دۆناڵد ترەمپ، هێرشیکردەسەر کاربەدەستانی دیموکراتەکان لە کالیفۆرنیا و تۆمەتباریکردن بە ناکارامەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگرەکانی لۆس ئەنجلسدا، حاکمی ویلایەتەکەش داوای لە ترەمپ کرد خۆی سەردانی ویلایەتەکە بکات و هەوڵەکان بە چاوی خۆی ببینێت.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی "ترووس سۆشیال" نووسیویەتی، "هێشتا ئاگرەکان لە لۆس ئەنجلس بەردەوامن، سیاسەتمەدارە بێتواناکان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە چۆن کۆنتڕۆڵی بکەن".

راشیگەیاندووە، ئەمە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی مێژووی وڵاتەکە و نابێت بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەشڵێت، ئەوە کارەساتە و ئێستا مەرگ لە هەموو شوێنێکی ئەو شارەدایە.

زیاتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، هێشتا بەردەوامە لە رەخنەگرتن لە دیموکراتەکان و چەندین هێرشی کردووەتەسەر حاکمی ویلایەتەکە و داوای لێکرد دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە و واز لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بهێنێت.

ترەمپ بەوەوە نەوەستا و گوتی، بەهۆی سیاسەتە ژینگەییەکانی دیموکراتەکانەوە"، کالیفۆرنیا بەدەست کەمئاویەوە دەناڵێنێت، کە ئامانجیان بەکارهێنانی ئاوی بارانە بۆ پاراستنی ماسییە بێسوودەکان.

لە بەرامبەردا حاکمی کالیفۆڕنیا داوای لە ترەمپ کرد، خۆی سەردانی لۆس ئەنجلس بکات و زیانەکان و هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان بەچاوی خۆی ببینێت.

loading....