نوێنەرى وەزیرى دەرەوەى ئێران بۆ کاروباری سووریا دیاریکرا

محەمەد رەزا رەئوف شیبانی، وەک نوێنەری تایبەتی عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سووریا دەستنیشانکرا.
لە نووسراوی دەستبەکاربوونەکەیدا، عەباس عێراقچى، رەئوف شیبانى بە دیپلۆماتکارێکی نایاب و بەئەزموون لە وەزارەتی دەرەوە ناوبردووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، سووریا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە سەرنجدان لە گرنگی سەقامگیریی و ئاشتی لەو وڵاتە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، جەخت لەسەر پێویستی "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا" دەکاتەوە.
هەروەها جەختى لە رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سووریا و خواستەکانیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان بەبێ دەستتێوەردان و ئامادەبوونی دەرەکی کردووەتەوە.
عەباس عێراقچى دەشڵێت، "بڕیارەکانی پەیوەست بە ئایندەی سووریا هی گەلی سووریایە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەر سیستمێکی حوکمڕانى رێکدەخات کە لە ئیرادەی گەلی سووریاوە سەرهەڵبدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە تەنیا لە رێگەی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بەدەست دێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ئەرکی رەئوف شیبانى کردووە کە "راوێژکردنە" لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وڵاتانی "دۆستی ناوچەکەشەوە"، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە پێیسپێردراوە.
محەمەد رەزا رەئوف شیبانى، دیپلۆماتکارە و یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئێرانە، پێشتر و تاوەکو ساڵى 2012 لە لوبنان باڵیۆزى ئێران بووە.
لە ساڵى 1979ـەوە تاوەکو کۆتاییەکانى 2024، کۆمارى ئیسلامیى ئێران پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ سووریا هەبوو، کە ماوەى زیاتر لە 50 ساڵ بوو بنەماڵەى ئەسەد فەرمانڕەواى وڵاتەکە بوون.
لە شەڕى ناوخۆی سووریا و سەرهەڵدانى ئاڵۆزییەکان لە دواى 2011ـەوە، تاران پشتیوانى گەورەى دەسەڵاتى بەشار ئەسەدى کرد، کە 8ـى کانوونى یەکەمى 2024 کۆتایى بە دەسەڵاتەکەى هات.