فوئاد حسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

test
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێڕاق. فۆتۆ: AP

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، ترسیان لەو چەکدارانی داعش هەیە کە لە گرتووخانەکانى سووریا زیندانیکراون. دەشڵێت، "داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە."

فوئاد حسێن لە کۆنگرەی وەزیرانى دەرەوە لە سعودیە کە تایبەت بە دۆخى سووریا سازکرابوو، رایگەیاند، سووریا بەهەمان ئەو دۆخەدا دەڕوات کە عێراق لە ساڵى 2003 پێیدا رۆشت، هەندێک رووداوى نەرێنى لە عێراق لە دواى ساڵى 2003وە روویانداوە کە پێویستە سووریا خۆى لێبپارێزێت.

گوتیشى، "عێراق ترسى لە داعشەکانى ئەو دیو سنوور بە دیاریکراوى لەناو سووریا هەیە، چونکە لەم دواییەدا دەستیانگرتووە بەسەر چەکى نوێدا."

وەزیرى دەرەوەى عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات 26 گرتووخانە هەیە کە هەزاران سەرکردە و ئەندامى داعشى تێدا زیندانیکراون و لەو ناوچانە پێکدادانى چەکدارى هەیە. دەشڵێت، "ترسمان هەیە ئەو ئاڵۆزییانە ببێتە هۆى هەڵاتنى ئەو چەکدارانە"، دەپرسێت: چى روودەدات ئەگەر ئەو چەکدارانە هەڵبێن و روو لە عێراق یان هەر وڵاتێکى دیکە بکەن؟

فوئاد حسێن جەخت لە هەماهەنگى نێوان پێکهاتەکانى سووریا بۆ گەیشتن بەسەقامگیریى لەو وڵاتە دەکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ قسەکانى فوئاد حسێن لەسەر داعش لە سووریا، مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیی هێزەکانى سووریاى دیموکرات رایگەیاند، 10 هەزار چەکدار و سەرکردەى داعش لە گرتووخانەکانى ژێر دەسەڵاتیاندان.