مەزڵوم عەبدی: مەترسییەکانی داعش روو لە زیادبوونە

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، مەترسییەکانی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کەمپەکاندا روو لە زیادبوونە و جموجۆڵی رێکخراوەکە بە گشتی زیادیکردووە.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی گوتی، پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ درێژەدان بە شەڕی دژ بە داعش، بەپێچەوانەوە ئەگەری هەیە رێکخراوەکە سەرهەڵبداتەوە.
روونیشیکردەوە کە ئێستا 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانیاندان و چەکدارەکان ئامادەن "بۆ گەڕانەوەی وێرانکاری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
بەگوێرەی هەواڵگریی ئەمریکا دوو هەزار لەو چەکدارانەی داعش کە لە کەمپەکانی هەسەدەدان لە لیستی "مەترسیی باڵا"دان. وەکو فەرماندەی هەسەدە دەڵێت، کۆی ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش و خێزانەکانیان کە لە کەمپەکانی هۆل و رۆژن نزیکەی 60 هەزار کەسن.
مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشکردووە، ئێستا داعش لە هەوڵی رفاندن و دەرکردنی ئەندامانیاندان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، هۆشداریشدا لە بەردەوامی هەڕەشەی داعش بۆ سەر وڵاتانی رۆژئاوا، داوای کرد وڵاتان پشتگیری لە دادگاییکردنیان بکەن لە دۆسیەکانی پەیوەست بەو دڕندەییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیانداوە.