قەیووم بۆ شارەوانیی ئاکدەنیزی سەربە مێرسین دانرا

test
هاوسەرۆکانی شارەوانیی شارۆچکەی ئاکدەنیز کە قەیووم لە جێگەیان دانرا

حکومەتی تورکیا قەیوومی لە جێگەی هاوسەرۆکانی شارەوانیی شارۆچکەی ئاکدەنیز لە مێرسینى سەربە پارتی دەم لە باشووری تورکیا دانا و ژمارەی قەیوومەکان کە لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکانەوە دانراون گەیشتە نۆ قەیووم.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ماددەی 127ـی دەستوور و یاسای ژمارە پێنج هەزار و 393ـی شارەوانییەکان، بەشێوەیەکی کاتیی هۆشیار سارییڵدز و نورییە ئارسڵان لە پۆستەکەیان دوورخراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی بڕیاری دادگای مێرسین لەدژیان و بەندکردنیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە، ئەندامییەتی لە رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار، پێشێلکردنی یاسای رێگریی لە پارەدارکردنی رێکخراوی تیرۆریستی و پابەندنەبوون بە یاسای رێپێوان و خۆپیشاندان".

ئاماژە بەوەشکراوە، زەید شەنەر، قایمقامی شارۆچکەی ئاکدەنیز کراوەتە بریکاری سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارۆچکەکە.

هۆشیار سارییڵدز و نورییە ئارسڵان، لەچوارچێوەی رێککەوتنی سازانی شارەکاندا لەنێوان پارتی دەم و جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئازاری 2024دا لەسەر لیستی پارتی دەم بە هاوسەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردران و رۆژی 10ـی ئەم مانگە لەمیانی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان، هەردوو هاوسەرۆک و پێنج لە ئەندامەکانی ئەنجوومەنی شارەوانیی کە لەسەر لیستی پارتی دەم هەڵبژێردراون، دەستگیرکران و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن.

لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی 31ـی ئازاری ساڵی رابردووەوە، قەیووم بۆ نۆ شارەوانیی دانراوە کە حەوتیان لەلایەن پارتی دەم و دووانیان لەلایەن جەهەپەوە سەرۆکایەتییان دەکرا.