ئەحمەد شەرع: ناتوانین بە گرووپە چەکدارەکان سووریا بنیادبنێین

سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێننەوە، چونکە ناتوانن بەو گرووپانە دەوڵەتى نوێى سووریا بنیادبنێن.
لە پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی دۆخی سووریا لە سعودیە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا لە دیمانەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند، پێویستە دامەزراوەکان پێکهاتەی دەوڵەت بنیادبنێن، لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە تاوەکو پەرلەمان و حکومەت.
گوتیشى، بنیادنانی دەوڵەتی سووریا لەپێشینەترە لە مافە کەسییەکان، "دەمانەوێت وڵاتێک بنیادبنێین کە ئاستێکی نوێ لە دادپەروەریی لەنێوان خەڵکیدا بەدیبهێنێت و رێگریی لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی پێشوو بکات."
ئەحمەد شەرع راشیگەیاندووە، رژدە لەسەر دوورکەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە و بیرۆکەی شۆڕشگێڕانە لەمیانی دەسەڵاتی نوێ و بنیادنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، چونکە تۆڵەسەندنەوە دەوڵەت تێکدەشكێنێت.
سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا ئاماژەی بەوەشکردووە، لێخۆشبوونیان نییە بەرامبەر ئەو کەسانەی تاوان و کۆمەڵکوژییان لەدژی سووریا ئەنجامداوە.