پارتی دەم: قەیووم کودەتایە

پاش دانانی قەیووم بۆ شارەوانیی ئاکدەنیز لە مێرسین، تولای هاتیمۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لە دوو راگەیەندراوی جیادا، دژی قەیووم وەستانەوە و بە کودەتا بەسەر دیموکراسی و زەوتکردنی ئیرادەی گەل ناویان برد.
تولای هاتیمۆغوڵڵاری دەڵێت: "جارێکی دیکە دەسەڵات لە رێگەی دادگاوە کە لە ژێر فەرمانیدایە، کودەتای بەسەر ئیرادەی گەلدا کرد".
راشیگەیاندووە، "لاپەڕەیەکی رەش بۆ ژمارەی لاپەڕە رەشەکان لە مێژووی تورکیادا زیادکرا، چونکە قەیووم نکۆڵیکردنە لە ئیرادەی گەل و گسکدانە لەو وردە دیموکراسییەی کە ماوە".
هاتیمۆغوڵڵاری بە ئاماژەدان بەو پرۆسەیەی ئێستا لە ئارادایە دەڵێت: "ئاشتیی ناوخۆ لە رێگەی قەیوومەوە نا بەڵکو لە رێگەی دیموکراسی و ئازادییەکانەوە دەستەبەردەکرێت، کاتێک ئێمە لە هەوڵداین هیوای ئاشتیی گەورە بکەین، ئەم زەوتکردنەی ئیرادە رەتدەکەینەوە".
داواش دەکات، هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە دیموکراسی و پێکەوە ژیان هەیە، هەڵوێستیان هەبێت.
هاوکات تونجەر باکرهان رایگەیاندووە: "لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنی کۆمەڵکوژیی سیاسییدا هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییمان لە ئاکدەنیز بە بارمتە گیراون".
دەشڵێت، "دانانی قەیووم کودەتای ئاشکرایە بەسەر دیموکراسییدا، تیرۆری سیاسیی هیوای پێکەوە ژیانی گەلانە و رەتیدەکەینەوە".
هاوسەرۆکەکەی پارتی دەم نووسیویەتی، "لەلایەکەوە باسکردن لە ئاشتیی ناوخۆ و لەلایەکی دیکەوە زەوتکردنی ئیرادەی گەلان، شێتییە و داوا دەکەین هەرچی زووە دەستبەرداری ببن".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ فەرمانی بەندکردن بۆ هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیز دەرکرا و دواتر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوومی بۆ شارەوانییەکە دانا.