سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و نووسینگەى سودانیش دەڵێت، باسیان لە رێکخستنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق کردووە.
نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردووەتەوە، سودانى و نێچیرڤان بارزانى باسیان لە رووداو و پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و پشتیوانیکردنى کارنامەى حکومەتەکەى سودانى کردووە.
دەشڵێت، باس لە رێکخستنی پابەندبوونە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمى کوردستان، بەگوێرەى بنەماکانی دەستوور کراوە، وەکو ئەوەى لە یاساى بودجەدا هاتووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەى نووسینگەکەى سودانیدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکان.
بەگوێرەى زانیارییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق؛ فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەشێک لە سەرکردەی لایەنەکان کۆدەبێتەوە.