نوێنەری مەسعود بارزانی لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە کۆدەبێتەوە

نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەیشتووەتە رۆژئاوای کوردستان و بڕیارە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەرانی ئەنەکەسە کۆببێتەوە.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژى ئەنەکەسە، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، حەمید دەربەندی، نوێنەرى مەسعود بارزانى، لە رۆژئاواى کوردستانە و بڕیارە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانى رۆژئاوا کۆببێتەوە.
گوتیشى، حەمید دەربەندى لەگەڵ ئەنەکەسە کۆدەبێتەوە، هاوکات، پەیامنێرى کەناڵ8 لە رۆژئاواى کوردستان راگەیاند، نوێنەرەکەى بارزانى لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە.
رۆژى چوارشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2025 مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین، لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کۆبووەوە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەبارەى گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بەگوێرەى راگەیەندراوى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەکەدا مەسعود بارزانى جەختی لە پشتیوانییکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا کردووەتەوە لە رێگەى گفتوگۆوە.
رۆژى 7ـى کانوونى یەکەمى 2024، مەسعود بارزانی راگەیەندراوێکی لەسەر پێشهاتەکانی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ رووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا روو دەدەن، چونکە ئەو پێشهات و رووداوانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکە هەیە.