بۆچی پەتی ددان هێندەی ددانشۆردن گرنگە؟

رۆژانە بڕێکی زۆر بەکتریا لەناو دەمدا کۆدەبنەوە، کە لەسەر ئەو خۆراکانە دەژین کە دەیانخۆیت. هەربۆیە گرنگە رۆژانە لانیکەم دووجار ددان بشۆرێت بۆئەوەی بەکتریاکان لەناوبچن و ئەو خۆراکانەش کۆنەبنەوە کە بەکتریاکان لەسەریان دەژین.
بەڵام ددانشۆردن بەتەنیا ناو دەم و ددان پاکناکاتەوە، بەڵکو پسپۆڕان رێنمایی ئەوە دەدەن کە دەبێت رۆژانە لانیکەم دوو جار پەتی ددان بەکاربهێنرێت. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە نزیکەی %40ـی رووی ددان دەکەوێتە نێوان ددانەکانەوە.
توێژینەوەیەکی Journal of Periodontology دەریخستووە ئەوانەی پەتی ددان بەکاردەهێنن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی پووک و ددان بە رێژەی %30 کەمترە، بەتایبەت نەخۆشیی هەوکردنی پووک. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی هەوکردنی پووک بەهۆی کۆبوونەوەی پاشماوەکان لەسەر ددان دروستدەبێت، کە زۆرجار لەوانەیە بە شۆردنی ددان نەڕۆن.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی ددانی ئەمریکی باس لە سوودەکانی پەتی ددان دەکات بۆ رێگریکردن لە کلۆری. بەگوێرەی کۆمەڵەکە، ئەوانەی پەتی ددان بەکاردەهێنن ئەگەری کلۆربوونی ددانیان بە رێژەی %40 کەمدەبێتەوە.
گۆڤاری زانستیی Clinical Dentistry، لە یەکێک لە توێژینەوەکانیدا باس لە هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی دەم دەکات. توێژینەوەکە دەریدەخات ئەوانەی بۆنی ناخۆشی دەمیان هەیە، %60ـیان دوای بەکارهێنانی پەت هەست بە باشتربوون دەکەن و بۆنەکەیان کەمدەبێتەوە.
لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا، یەکێک لە ئەو حاڵەتە ناخۆشانەی روودەدات هەڵوەرینی ددانەکانە. بەگوێرەی NIDCR، ئەوانەی پەتی ددان بەکاردەهێنن، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا درەنگتر کێشەی ددانیان بۆ دروستدەبێت و کەمتر ددانیان هەڵدەوەرێت.