چارەسەرە نادەرمانییەکانی قەبزی چین؟

قەبزی یەکێکە لە حاڵەتە باوەکان کە ساڵانە تەنیا لە ئەمریکا نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بەهۆیەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، بەڵام ئایا هەمیشە پێویستدەکات لەڕێگەی دەرمانەوە ئەم حاڵەتە چارەسەربکرێت؟ نەخێر.
هۆکارەکانی قەبزی زۆرن، وەکو جۆری ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆین و ئەوانەشی کە نایانخۆین، شێوازی ژیان، بەکارهێنانی چەند دەرمانێکی جیاواز و هەبوونی چەند نەخۆشییەک. زۆرجار هۆکاری قەبزیی درێژخایەن نەزانراوە.
نیشانەکانی قەبزی بریتینلە:
- کەمتر لە سێ جار پیساییکردن لە هەفتەیەکدا
- پیسایی رەق و وشک
- ئازار لەکاتی پیساییکردندا
خواردنەوەی ئاوی زیاتر
یەکێک لە هۆکارەکانی قەبزی دەکرێت کەمخواردنەوەی ئاو بێت، بۆ رێگریکردن لەمەش گرنگە ئاوی زیاتر بخورێتەوە. بەشێک لەو کەسانەی کە زووزوو تووشی قەبزی دەبن، بە خواردنەوەی ئاوی گازی هەست بە باشتربوونێکی زیاتر دەکەن.
لە چەند توێژینەوەیەکیشدا دەرکەوتووە خواردنەوەی ئاوی گازی کاریگەرترە لە چارەسەرکردنی قەبزیدا بەراورد بە ئاوی ئاسایی، تەنانەت لەو کەسانەشی کە قەبزیی درێژخایەنیان هەیە.
گرنگە بزانرێت ئەمە واتای ئەوە نییە ئەو خواردنەوە گازییانەی شەکریان تێدایە باشبن، نەخێر بە پێچەوانەوە دەکرێت قەبزییەکە خراپتربکەن.
ئەو کەسانەی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەیان هەیە نابێت ئاوی گازیش بخۆنەوە، چونکە نیشانەکانیان خراپتردەبن.
خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵ
لەکاتی هەبوونی قەبزیدا گرنگە زیاتر ئەو خۆراکانە بخورێن کە دەوڵەمەندن بە ریشاڵ، چونکە ریشاڵ شێواز و پێکهاتەی پیسایی دەگۆڕێت، ئەم گۆڕانکارییەش وادەکات پیساییەکە ئاسانتر بە کۆئەندامی هەرسدا تێبپەڕێت.
لە پێداچوونەوەیەکی زانستیی ساڵی 2016ـدا دەرکەوتووە %77ـی ئەو کەسانەی قەبزیی درێژخایەنیان هەیە، بە شێوازێکی بەرچاو سوودیان لە وەرگرتنی بڕێکی زیاتر لە ریشاڵ وەرگرتووە.
وەرزشکردن
لە چەندین توێژینەوەی جیاوازدا دەرکەوتووە (1، 2، 3، 4 ) کە وەرزشکردن یارمەتیی کەمکردنەوەی نیشانەکانی قەبزی دەدات.
هەروەها چەندین توێژینەوەی دیکە ئاماژەیان بەوە داوە شێوازی ژیانی ناتەندروست رۆڵی گەورەی لە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە قەبزی هەیە، هەربۆیە پسپۆڕان رێنمایی چارەخوازان دەکەن زیاتر وەرزش بکەن.
بە گوێرەی توێژینەوەیەک، دەرکەوتووە کە مەرج نییە وەرزشکردن هەموو کاتێک ژمارەی جارەکانی پیساییکردن کەمبکاتەوە، بەڵام هەموو کاتێک ئەو ناڕەحەتی و نیشانانەی لەگەڵ قەبزیدا چارەخواز تووشیاندەبێت، بەهۆی وەرزشکردنەوە کەمتردەبنەوە.
لەو کەسانەی گرفتی ریخۆڵەیان هەیە وەکو هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵە، گرنگە ئاگاداربن چ جۆرە وەرزشێک دەکەن، چونکە وەرزشی مامناوەند یارمەتیی کەمکردنەوەی نیشانەکانیان دەدات، بەڵام وەرزشی توند نیشانەکانیان خراپتردەکات.
هەریەکێک لە وەرزشەکانی وەکو پیاسەکردن، مەلەکردن و پاسکیلسواری باشترین جۆرەکانی وەرزشن بۆ ئەم حاڵەتە.
خواردنەوەی قاوە
خواردنەوەی قاوە لە هەندێک کەسدا وادەکات زیاتر پیساییبکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی قاوە ماسولکەکانی کۆئەندامی هەرس چالاکدەکات.
لە توێژینەوەیەکی ساڵی 1998ـدا دەرکەوتووە، خواردنەوەی قاوە بە هەمان شێوازی خواردنی ژەمێک خۆراک، ماسولکەکانی سک چالاکدەکات. ئەم کاریگەرییەش %60 بەهێزتربووە لە کاریگەریی خواردنەوەی ئاو و %23ـش لە کاریگەریی خواردنەوەی قاوەی بێکافایین زیاتربووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، قاوە بڕێکی کەم لە ریشاڵی تێدایە کە یارمەتیی رێگریکردن لە تووشبوون بە قەبزی دەدات، ئەمەش لەڕێگەی باشترکردنی هاوسەنگیی بەکتریا سوودبەخشەکانی سکەوەیە.
ئەو کەسانەی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەیان هەیە پێویستە ئاگاداربن، چونکە قاوەش نیشانەکانی ئەم کەسانە خراپتردەکات.
خواردنی پرۆبایۆتیک
پرۆبایۆتیک بریتییەلە بەکتریای سوودبەخشی زیندوو کە بە شێوازێکی سروشتی لە گەدەدا هەن، وەکو بەکتریای بایفیدۆبەکتریا و لاکتۆبەسیلەس.
دەکرێت بڕی پێویست لەم بەکتریایانە لەرێگەی چەند خۆراکێکی دیاریکراوەوە دەستبکەوێت.
هەندێک کەس بەهۆی ناهاوسەنگیی بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدەیانەوە تووشی قەبزی دەبن، هەربۆیە باشترە ئەم کەسانە بڕێکی زیاتر لەو خۆراکانە بخۆن کە دەوڵەمەندن بە ئەم بەکتریا سوودبەخشانە.
لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2019ـدا دەرکەوتووە خواردنی پرۆبایۆتیک بۆ ماوەی دوو هەفتە توانای چارەسەرکردنی قەبزی هەیە، ئەمەش لەڕێگەی زیادکردنی جارەکانی پیساییکردن و پێکهاتەی پیساییەوە.
لە ئەگەری نەخواردنی خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە پرۆبایۆتیک، دەکرێت وەکو جێگرەوەیەک تەواوکەری خۆراکیی پرۆبایۆتیک بەکاربهێنرێت، ئەمەش دوای چوار هەفتە لە بەکارهێنان سوودەکانی دەردەکەون.
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پڕۆبایۆتیک بریتینلە ماست و کیمچی.
خواردنی پریبایۆتیک
پریبایۆتیک جۆرە ریشاڵێکی کاربۆهیدراتییە و دەتوانێت ببێتە خۆراک بۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە و ریخۆڵە.
لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە بەشێک لە پریبایۆتیکەکان دەتوانن ژمارەی جارەکانی پیساییکردن زیاتربکات و پیساییش نەرمبکات.
ئەو خۆراکانەی بە پریبایۆتیکەکان دەوڵەمەندن بریتینلە:
- سیر
- پیاز
- مۆز
- تەڕەپیاز
گرنگە بزانرێت ئەو کەسانەی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەیان هەیە، نابێت پیاز و سیر بخۆن، چونکە نیشانەکانیان خراپتردەبن.
دوورکەوتنەوە لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان
لەو کەسانەدا کە توانای هەرسکردنی لاکتۆزیان نییە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەبنەهۆی قەبزی. ئەمە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە جەستەیان توانای هەرسکردنی پڕۆتینێکی ناو شیری مانگایان نییە.
هەربۆیە باشتر وایە بۆئەوەی ئەم کەسانە دووربن لە قەبزی، دووربن لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان.