ماکەکانی هەناسەدان بە دەم چین؟

گران جاف 14/01/2025
test

کاتێک کەسێک بەهۆی گیرانی لووتییەوە ناتوانێت بە لووت هەناسەبدات، بەناچاری بۆ هەناسەدان دەم بەکاردەهێنێت. لە جەستەدا، هەر ئەندامێک ئەرکێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەکاتی کارنەکردنی هەر ئەندامێک، تەنانەت ئەگەر جێگرەوەشی هەبێت، دەکرێت چەند گرفتێک دروستببێت. هەناسەدان بە دەمیش لە کاتی گیرانی لووتدا بێگرفت نییە و دەکرێت چەند کێشەیەک بۆ کەسەکە دروستبکات، وەکو وشکبوونی دەم، زیادبوونی گرفتەکانی ددان و چەند کێشەیەکی گەورەتری وەکو تێکچونی شێوازی دەموچاو و گرفتەکانی خەو.

جیاوازییەکانی نێوان هەناسەدان بە لووت لەگەڵ هەناسەدان بە دەم ئەمانەن

  • لەکاتی هەواهەڵمژین بە لووت، چەند موویەکی بچوکی ناو لووت هەواکە لە خۆڵ و پیسی پاکدەکەنەوە، بەڵام دەم ناتوانێت هاوشێوەی لووت هەوای هەڵمژراو پاکبکاتەوە.
  • کاتێک ئەو هەوایەی هەڵدەمژرێت شێدارە، سییەکان و قوڕگ باشتر کاردەکەن، هەربۆیە لووت لەرێگەی لۆچییەکانی ناوپۆشەکەیەوە هەوا شێداردەکات، بەڵام ئەو هەوایەی لە دەمەوە هەڵدەمژرێت، وشکە.
  • هاوشێوەی هەوای شێدار، سییەکان و قوڕگ بە هەوای گەرم باشتر کاردەکەن. کاتێک هەوا دەچێتە لووتەوە، هەواکە گەرمدەبێت دواتر دەچێتە قوڕگ و سییەکانەوە ئەمەش هەڵمژینی هەواکە ئاسانتردەکات.

ئەو کەسانە کێن کە بە دەم هەناسەدەدەن؟

دەکرێت هەناسەدان بە دەم، تووشی منداڵان و پێگەیشتووانیش ببێت، پسپۆڕانیش وایدەخەمڵێنن کە 10% بۆ 25%ـی منداڵان ئەم گرفتەیان هەبێت.

لێکەوتەکانی هەناسەدان بە دەم چین؟

  • ئەو کەسانەی لە دەمەوە هەناسەدەدەن، دەکرێت توشی چەند گرفتێکی خەو ببن وەکو گیرانی هەناسە لەکاتی خەودا. پسپۆڕان دەڵێن ئەم کێشەیە دەکرێت بەهۆی کەم رۆیشتنی ئۆکسجین بۆ شانەکانی مێشک، ببێتەهۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە فێربوون و دروستبوونی کێشەی رەفتاریی لە کەسەکەدا.
  • ئەو منداڵانەی بە دەم هەناسەدەدەن، چەند گرفتێکی دەم و ددانیان بۆ دروستدەبێت وەکو ناڕێکیی ددانەکان و تێکچوونی شێوازی دەموچاویان.
  • یەکێک لە ئەرکەکانی لیکی دەم، پاراستنی دەم و ددانە دژی میکرۆبەکان. هەناسەدان بە دەم، دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی لیک و وشکبوونەوەی دەم، ئەمەش مەترسیی کلۆربوونی ددانەکان و هەوکردنە کەڕووییەکانی دەم زیاتردەکات.
  • وشکبوونی دەم دەکرێت قسەکردن، قوتدان و جوینیش قورسبکات.

هۆکارەکانی هەناسەدان بە دەم

  • گەورەبوونی ئەدینۆیدەکان: ئەدینۆید رژێنێکە دەکەوێتە پشتی لووتەوە، ئەرکی ئەم رژێنانە پاراستنی منداڵانە لە بەکتریا و ڤایرۆس. هەندێجار ئەم رژێنانە توشی هەوکردن دەبن یان دەئاوسێن و دەبنەهۆی گیرانی لووتی منداڵان. لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی مرۆڤدا، ئەم رژێنانە دەپووکێنەوە هەربۆیە لە کەسانی پێگەیشتوودا، ئەدینۆیدەکان نابنەهۆکاری گیرانی لووت.
  •  هەستیاری، سەرما و هەوکردنی درێژخایەنی گیرفانەکانی لووت (جیوب)، دەبنەهۆی گیرانی لووت.
  • لاربوونی کۆڵەکەی لووت: کاتێک کۆڵەکەی لووت لاردەبێت بەرەو لایەکی لووت، دەکرێت رێڕەوی هەناسە بگرێت.

نیشانەکانی هەناسەدان بە دەم

  • وشکبوونی دەم: هەناسەدان لە کاتی خەودا، بڕی لیک کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی وشکبوونی دەم
  • یەکێک لە ئەرکەکانی لیک، پاککردنەوەی دەمە لە بەکتریا و میکرۆبەکان. لەکاتی کەمبوونەوەی لیکدا، میکرۆب لەناو دەمدا زیاددەکات و دەبێتەهۆی ناخۆشیی بۆنی دەم
  • لیک لەدەم هاتن: بەهۆی کرانەوەی دەم بۆ هەناسەدان، لیکی ناو دەم دێتەدەرەوە بۆ سەر سەرین
  • ناڕێکیی ددانەکان

چەند تاقیکردنەوەیەک بۆ دەستنیشانکردنی هەناسەدان بە دەم

  • داخستنی دەم بۆئەوەی بزانرێت لەکاتی دەم داخستندا کەسەکە دەتوانێت هەناسەبدات یان نا
  • دانانی ئاوێنەیەکی بچوک لەبەردەم کونەلووتەکاندا بۆئەوەی بزانرێت لە لووتەوە هەناسەدەدرێت یان نا. ئەگەر هەڵم لەسەر ئاوێنەکە دروستبوو، ئەوا کەسەکە بە لووت هەناسەدەدات ئەگەریش هەڵم لەسەر ئاوێنەکە دروستنەبوو، ئەوا واتای وایە کەسەکە بە لووت ناتوانێت هەناسەبدات.
  • هێشتنەوەی ئاو لەناو دەمدا بەبێ دروستبوونی ئاستەنگ لە هەناسەداندا، ئەوە دەگەیەنێت کە کەسەکە بە لووت هەناسەدەدات.

چارەسەرەکانی هەناسەدان بە دەم

  • ئەگەر هۆکاری گیرانی لووتی کەسەکە گەورەبوونی ئەدینۆیدەکان بێت، بە نەشتەرگەریی لابردنی لیمفەگرێی ئەدینۆید، کێشەکە چارەسەردەبێت و رێرەوی هەناسەدانی منداڵەکە دەکرێتەوە.
  • ئەگەر هۆکارەکە لاربوونی کۆڵەکەی لووت بوو، ئەوا لەڕێگەی نەشتەرگەریی راستکردنەوەی کۆڵەکەی لووتەوە کێشەکە چارەسەردەبێت.
  • ئەگەرهۆکارەکە هەستیاری و هەوکردنی گیرفانەکانی لووت بوو(جیوب)، ئەوا دەبێت پزیشکی پسپۆڕ بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە پێشنیازی چەند دەرمانێک بکات.

رێگەکانی خۆپاراستن

راستە ناتوانرێت وا لە منداڵ بکرێت بە دەم هەناسەنەدات، بەڵام دایکوباوکان دەتوانن رێگربن لەوەی منداڵەکەیان هەناسەدان بە دەم بکات بە خوویەکی زیانبەخش. بۆ ئەمەش دایکوباوکان پێویستە:

  • چاودێریی منداڵەکانیان بکەن و نیشانەکانی لووتگیران بناسنەوە.
  • پێویستە دایکان ئاگاداری شێوازی خەوتنی منداڵەکانیان بن. ئەگەر منداڵەکەیان لەکاتی خەودا پرخە پرخ بکات و بە خەوتن پشووی تەواو وەرنەگرێت، دەکرێت منداڵەکە هەناسەدان بە دەم بکات بە خوو.
  • ئەگەر منداڵەکە لەجیاتی لووت زیاتر بە دەم هەناسەیدا، ئەوا پێویستە منداڵەکە ببرێت بۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە و هۆکارەکانی دروستبوونی و چارەسەرکردنی.
14/01/2025