هەسەدە: نامەیەکی پشتیوانی لە بارزانییەوە گەیشتووەتە مەزڵوم عەبدی

کەناڵ8 13/01/2025
test
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

نوێنەری مەسعود بارزانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆبووەوە و هەسەدە دەڵێت، نامەی پشتیوانیی بارزانی پێگەیاندووە.

حەمید دەربەندی نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە" کۆبووەوە.

 دوای کۆبوونەوەکە هەسەدە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "حەمید دەربەندی نامەیەکی پشتیوانی لە بارزانییەوە بە مەزڵوم عەبدی گەیاندووە و تێیدا جەختیکردووەتەوە لەسەر یەکڕیزیی کورد و بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە هەنوکەییەکان لە سووریا."

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سووپاسی نامەی پشتیوانیی بارزانی کردووە و دووپاتی کردووەتەوە، کە قۆناغی ئێستا دەخوازێت کە هەموو لایەنە کوردییەکان هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.

بە گوتەی فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژى ئەنەکەسە، کە بە کەناڵ8ـی راگەیاندووە، بڕیارە نوێنەرەکەی بارزانی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانى دیکەش لە رۆژئاوا کۆببێتەوە.

چوارشەممەی رابردوو مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا "ئەنەکەسە" کۆبووەوە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریایان تاوتوێکرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بارزانی جەختی لە پشتیوانییکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان کردووەتەوە.

13/01/2025
loading....