خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى یاساى بودجەى عێراق کرا

test
دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. فۆتۆ: كەناڵ8

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە خوێندنەوەى دووەمى بۆ هەموارى یاساى بودجەی تایبەت بە نەوتى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانیش دەڵێت، "پاش وەرگرتنى سەرنجى ئەندامان، پڕۆژەى هەموارى بودجەکە دەخرێتە دەنگدانەوە".

نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند " ئەمڕۆ دووشەممە 13ـى کانوونى دووەم لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى یاساى بودجەی تایبەت بە ماددەى 12 و زیادکردنى خەرجییەکانى یەک بەرمیل نەوت لە شەش بۆ 16 دۆلار کرا".

ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەران، ئەوەشى خستەڕوو، ئەوان وەک لیژنەى دارایى هەموارى یاساى بودجەکەیان وەک خۆى خستووەتە بەردەم ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەران، بەشێک لە ئەندامانى ئەنجوومەن لەناو هۆڵى کۆبوونەوە تێبینى و سەرنجى خۆیان خستەڕوو، بەشێکى دیکەیان بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا سەرنجەکانى خۆیان بە نووسراو ئاڕاستەى لیژنەى دارایى بکەن، گوتیشى" پاش وەرگرتنى سەرجەم تێبینى و سەرنجەکان، هەموارى یاساکە ئامادەدەکرێت بۆ خوێندنەوەى کۆتایى و پەسەندکردنى دەخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام کاتەکەى دیارینەکراوە".

هەموارکردنەوەکە بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج)ـە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەوەش پاش ئەوەى حکومەتى عێراق لە 5ـى تشرینى یەکەم رەزامەندیی پیشاندا بۆ زیادکردنى خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار.

لە مانگى کانوونى یەکەمى 2024  لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، خوێندنەوەى یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی دارایی 2023،  2024 و 2025 کراوە.

loading....