کۆشکی سپی: نزیکین لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە

کۆشکی سپی رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە نزیکە و رەنگە لەم هەفتەیەدا ئەو رێککەوتنە رووبدات.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن و رەنگە لەم هەفتەیەدا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت، سولیڤان جەختی کردەوە، کە ئەوە ئەگەرێکە و کاردەکەن بۆ گۆڕینی بۆ واقیع.
هاوکات دیوانی میری قەتەر رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر لەگەڵ نێردەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کۆبووەتەوە و دوایین پێشهاتی دانوستاندنەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە تاوتوێ کراوە.
دیوانی میری قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و برێت مەکگۆرک، رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ میری قەتەر کۆبوونەتەوە و پێداچوونەوەیان بە دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی ئاگربەست لە غەززە کردووە.