دادوەر نەواف سەلام بە سەرۆکوەزیرانی نوێی لوبنان دیاریکرا

جۆزیف عون، سەرۆکی لوبنان، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، دادوەر نەواف سەلام، سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان.
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەکان، لە کۆی 128 دەنگی پەرلەمان، نەواف سەلام، 85 دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوەش کێشەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی لوبنانی یەکلاییکردەوە، دوای ئەوەی پێشتر مەرسومی کۆماری بۆ دەرکرابوو.
تەیمور جونبوڵات، سەرۆکی حزبی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستی لوبنان بە میدیاکانی راگەیاندبوو، حیزبەکەی نەواف سەلامی بەربژێر کردبوو، بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی لوبنان، هاوکات رەوتی نیشتمانیی ئازاد پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی لوبنان دووپاتکردەوە.
دوای نزیکەی زیاتر لە دوو ساڵ هەفتەی رابردوو لە لوبنان جۆزیف عون سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژێردرا.
بەگوێرەی پەیڕەوی سیاسی لە لوبنان، سەرۆکوەزیران دەدرێتە موسڵمانێکی سوننی و سەرۆککۆمار بۆ کریستیانێکی مارۆنی و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ موسڵمانێکی شیعی دەبێت.
نەواف سەلام، لە 15ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1953 لە بەیروت لە خێزانێکی سیاسی ناسراو لە دایک بووە، سائی سەلامی مامی نەواف سەلام، پێشتر چوار جار سەرۆکایەتیی حکومەتی لوبنانی کردووە.
خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمی باڵایە لە زانستی کۆمەڵایەتی لە پاریس، دواتر بڕوانامەی دکتۆرا لە مێژوو لە زانکۆی سۆربۆن، هاوکات ماستەر لە یاسا لە زانکۆی هارڤەر و دکتۆرا لە زانستی سیاسی لە پاریس.