تەمەنی ئێسکی منداڵ چۆن دیاریدەکرێت؟

test

تەمەنی کرۆنۆلۆجیی منداڵ ئەو تەمەنەیە لەکاتی لەدایکبوونەوە تاوەکو کاتی ئێستای دیاریدەکرێت، بەڵام پسپۆڕان هەندێکجار تەمەنی ئێسکی منداڵانیش دەپێون، کە لەڕێگەی پشکنینی ئێکسڕەیەوە دەکرێت.

ئێسک، لەبەرئەوەی شانەیەکی چڕە، لە پشکنینی ئێکسڕەیدا بە سپی دەردەکەوێت. ماسولکە، چەوری و پێست لە بەرئەوەی چڕییان کەمترە، بە تاریکی دەردەکەون، ئەمەش وادەکات لە پشکنینی ئێکسڕەیدا، ئێسک بەڕوونی ببینرێت.

پشکنینی تەمەنی ئێسکی منداڵ، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی گەشەی ئێسکی منداڵەکە دەکرێت، ئەمەش لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی منداڵانەوە دەکرێت و لەو رێگەیەوە هەندێک نەخۆشیی دیاریدەکەن کە کاریگەریی لەسەر خاوبوونەوە و خێرابوونی گەشەی ئێسک هەیە.

پشکنینی تەمەنی ئێسکی منداڵ، دەکرێت پێشبینی ئەم لایەنانەی ژیانی منداڵێک بکات:

  • تاوەکو کەی منداڵەکە لە گەشە بەردەوامدەبێت
  • کەی منداڵەکە دەست بە گەشەی سێکسی دەکات
  • باڵای منداڵەکە بەنزیکەیی چەند دەبێت

جیا لەوانە، پشکنینەکە یارمەتیی پزیشکان دەدات چاودێریی هەندێک نەخۆشیی درێژخایەن بکەن، وەکو:

  • ئەو نەخۆشییانەی کاریگەرییان لەسەر رێژەی هۆرمۆنی گەشە هەیە، وەکو: گرفتی کەمیی هۆرمۆنی گەشە، نەخۆشیی غوددەی تەممەڵ، پێگەیشتنی پێشوەختە و نەخۆشییەکانی رژێنی ئەدریناڵ.
  • هەندێک نەخۆشیی بۆماوەیی وەکو نەخۆشیی تێرنەر

پشکنینەکە چۆن دەکرێت؟

پشکنینەکە بۆ دەست و مەچەکی چەپی منداڵەکە دەکرێت، پاشان ئەو وێنەیەی لە منداڵەکە وەرگیراوە بە وێنە ستانداردەکانی دەستی منداڵ بەراورد دەکرێت و لەورێگەیەوە تەمەنی ئێسکەکە دەزانرێت. وێنە ستانداردەکان لە داتای چەندین منداڵی دیکەوە وەرگیراون.

لەسەر ئێسکی منداڵان، پلێتێکی گەشەکردن هەیە کە لە پشکنینی ئێکسڕەیدا بە تاریکی دەردەکەوێت، تاوەکو ئەم پلێتە هەبێت، گەشەی ئێسک بەردەوامدەبێت. جیاوازیی لەنێوان تەمەنی کرۆنۆلۆجی و تەمەنی ئێسکی منداڵەکە دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە منداڵەکە گرفتێکی گەشەکردنی هەیە، بەڵام هەندێک منداڵ بەبێ ئەوەی هیچ گرفتێکیان هەبێت، دەکرێت جیاوازیی نێوان تەمەنی کرۆنۆلۆژی و تەمەنی ئێسکیاندا هەبێت و بە ئاسایی دادەنرێن.