نرخی زێڕ دابەزی

test
زێڕنگەرێک لەناو بازاڕی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

نرخی زێڕ دابەزی و سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگەرانیش دەڵێت، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی دابەزینی تۆمارکرد و نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە دوو هەزار و 673 دۆلار.

هاوکات لە بازاڕی زێڕەنگەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ دابەزی، بەجۆرێک لە ماوەی 24 کاتژمێردا هەر مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە حەوت هەزار دیناری لێکەمبووەتەوە.

هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگەرانی هەولێر بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی دابەزینی زێڕ بەهۆی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلە، کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوانیانەوە بەرزبووەوە و چەندین جار ریکۆردی بەرزترین ئاستیی مێژوویی تۆمارکردووە".

گوتیشی، " تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەگەر ئەو دوولایەنە بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەست چەند لە نرخی زێڕ دادەبەزێت، بەڵام پێشبینی رێژەیەکی زۆر دابەزین دەکەن".

ئەمڕۆ 14ـی کانوونی دووەمی 2025 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 656 هەزار دینارە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 570 هەزار دینار و یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 489 هەزار دینارە.

لە دووساڵی رابردوودا نرخی زێڕ زۆر بەرزبووەوە، تەنیا لە 2024دا زیاتر لە 13 جار پێوانەی بەرزترین نرخی تۆمارکردووە، هەرە بەرزترین نرخیشی لە مانگی تشرینی یەکەم بوو کە نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە دوو هەزار و 800 دۆلار.

loading....