بۆچی لیک هێندە گرنگە؟

لیک شلەیەکی ئاوییە کە لە لیکەڕژێنەکانەوە دەڕژێنرێتە ناو دەمەوە، چەندین فرمانی گرنگی هەیە، وەکو هەرسکردن، ئاسانکردنی قوتدان، جوین و پاراستنی ددانەکان. پێکهاتەی سەرەکیی لیک ئاوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جۆری پرۆتین و ماددەی دیکەی تێدایە کە هەر یەکێکیان، ئەرکێکی جیاوازی لە پاراستنی تەندروستیدا هەیە.
فرمانەکانی لیک چین؟
لیک چەندین رۆڵی گرنگی لە پاراستنی تەندروستیی دەم و بەشەکانی دیکەی جەستەدا هەیە وەکو:
- شێدارکردنەوەی دەم و قوڕگ: لینجەماددەی ناو لیک، لینجەپەردەکانی ناو دەم لە بەیەکەوە نووسان دەپارێزێت ئەمەش ناوپۆشی دەم لە ماددەی زیانبەخشی وەکو بەکتریا و ژەهرە ماددەکان دەپارێزێت.
- شێدارکردنەوەی خواردن: ئەگەر لیک نەبێت، کرداری قوتدانیش ئەستەمدەبێت. کاتێک خواردن دەچێتە دەمەوە، دواتر دەچێتە سورێنچک و بەدواشیدا دەچێتە ناو گەدەوە، بۆئەوەی خواردنەکە ئاسانتر بەم رێرەوەدا تێپەڕببێت، لیک خواردنەکە شێداردەکات و شێوازی خواردنەکەش دەگۆڕێت بۆ ئەوەی بەبێ هیچ گرفت و ناڕەحەتییەک تێپەڕببێت.
- لیک دەستپێکی پرۆسەی هەرسە: لیک ئەنزیمێکی تێدایە بە ناوی ئەمایلەیس کە یارمەتیی گەدە دەدات شەکری ئاڵۆز و خۆراک بۆ شەکری سادە بگۆڕێت
- لیک دەم لە هەوکردن دەپارێزێت: لیک ئەنزیمێکی تێدایە بە ناوی لایسۆزایم کە بەکتریا لەناودەبات و رێگریدەکات لە گەشەکردنیان
- لیک بە چەند رێگەیەک ددانەکان دەپارێزێت، بۆنموونە؛ لیک دەوڵەمەندە بە کالسیۆم هایدرۆکسیئەپەتایت کە رێگریدەکات لەوەی ددانەکان کالسیۆم لەدەستبدەن، هەروەها لیک بەبەردەوامی رووی ددانەکان دەشوات و ناهێڵێت پاشماوەی خۆراک لەسەریان بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لیک ترشیی خواردنەکان هاوسەنگ دەکاتەوە و رێگریدەکات لەوەی خواردنە ترشەکان ببنەهۆی داخورانی ددانەکان. بەگشتی لیک ددانەکان لە کلۆربوون و پووکیش لە نەخۆشییەکانی پووک دەپارێزێت.
- لیک ترشی و تفتیی خواردنەکان هاوسەنگدەکاتەوە: ترشێتیی لیک لە نێوان 6-7.5 دایە لە دەمدا، ئەمەش ترشی و تفتیی خواردنەکان هاوسەنگدەکاتەوە
- لیک یارمەتیی ساڕێژبوونەوەی شانەکانی ناو دەم دەدات: لیک چەندین پڕۆتینی تێدایە کە یارمەتیی ساڕێژبوونەوەی شانەکانی دەم دەدەن، بۆنموونە کاتێک کەسێک گاز لە زمانی دەگرێت، لیک پڕۆسەی ساڕێژبوونەوەی برینەکە دەستپێدەکات
- لیک یارمەتیی تامکردنی خۆراک دەدات: کاتێک خۆراکی وشک دەخورێت، پێویستە شێداربکرێت بۆئەوەی ئەو پێکهاتانەی زمان کە بەرپرسن لە تامکردن، بتوانن تامی خواردنەکەیان پێبگات
لیکەڕژێنەکان کامانەن؟
لیک لە رێگەی سێ لیکەڕژێنی سەرەکییەوە دەردەدرێت و لە رێگەی دەرچەکانیانەوە دەچێتە ناو دەمەوە.
لیکەڕژێنەکان:
- لیکەڕژێنی پارۆتد: لیکەرژێنەکانی پارۆتد گەورەترین لیکەڕژێنن و لە هەرکەسێکدا دوو دانە لەم لیکەڕژێنە هەن. دەکەونە پێشی گوێیەکانەوە، دەرچەکانی ئەم رژێنانە دەکەونە بەرامبەر خڕێکانی سەرەوە.
- لیکەڕژێنەکانی ژێر شەویلگەی خوارەوە: ئەم دوو لیکەرژێنەش دەکەونە ژێر شەویلگەی خوارەوە و دەرچەکانیشیان دەکەونە ژێر زمانەوە.
- لیکەرژێنەکانی ژێرزمان: ئەمانیش دەکەونە ژێر زمانەوە لە شەویلگەی خوارەوەدا.
ئەم لیکەڕژێنانە بەرپرسن لە دەردانی 90%ی لیک، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان لیکەرژێنی بچووک هەن کە لە دەمدا دابەشبوون، ئەمانیش 10%ی لیک دەردەدەن. لە زۆرینەی پێگەیشتوواندا، هەموو ئەم لیکەرژێنانە پێکەوە، رۆژانە 0.5-1.5 لیتر لیک دەردەدەن.
لیک لە چی پێکهاتووە؟
99% ی لیک لە ئاو پێکهاتووە و 1%ـەکەی دیکەی لە پڕۆتین و ماددەی دیکە پێکهاتووە.
پسپۆڕان تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار جۆری جیاوازی پڕۆتینیان لە لیکدا بەدیکردووە، بەڵام تەنیا نزیکەی سەد پڕۆتینیان سەرەکین. ئەم پڕۆتینانە ئەرکی گرنگیان هەیە لە لیکدا وەکو؛
- ئەمایلەیس؛ ئەم پڕۆتینە ئەنزیمێکە یارمەتیی هەرسکردنی کاربۆهیدرات دەدات. بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم پڕۆتینە پەنکریاس و لیکەرژێنەکان دروستیدەکەن. بەشێکی زۆری ئەمایلەیس لە لیکدان و بەشێکی کەمیان لە خوێن و میزیشدا بەدیدەکرێن
- پێپتایدە دەوڵەمەندەکان بە پرۆلین: ئەم پڕۆتینانە گروپێکی پڕۆتینی ناو لیکن کە لیکەرژێنەکانی پارۆتد و ژێر شەویلگەی خوارەوە دروستیاندەکەن. ئەم گروپە پڕۆتینە 70%ـی پڕۆتینی ناو لیک پێکدەهێنن. بەگشتی فرمانی ئەم پڕۆتینانە پاراستنی ددانەکانە
- میوسین: میوسینەکان کۆمەڵێک پڕۆتینی گەورەن کە ئەرکی سەرەکییان لینجکردنی پێکاتەکانی ناو دەمە، ئەمەش وەکو چینێکی پارێزەر کاردەکات و ناهێڵێت بەکتریا، کەڕوو و ماددەی زیانبەخش زیان بە ناودەم بگەیەنن
- پێپتایدەبەرگرییەکان: ئەم پێپتایدانە بەشێکی گرنگی سیستمی بەرگرین و یارمەتیی وەڵامدانەوەی جەستە دەدەن دژی هەوکردن
- دژەتەن: دژەتەنەکانیش بەشێکی گرنگی سیستمی بەرگرین و دەنووسێن بە ئەو تەنە زیانبەخشانەی دێنە ناو دەمەوە و لەناویاندەبەن
لیک لە چەند ماددەیەکی زیندەیی دیکەش پێکدێت وەکو
- شەکر
- یوریا
- هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ
- هۆرمۆنە نێرینە و مێینەکانی وەکو ئیسترۆجین و تێستۆستیرۆن