سێ کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتی لە سلێمانی دەستگیرکران

کەناڵ8 15/01/2025
test
دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان

بە هاوکاریی بەریتانیا سێ کەس لە شارى سلێمانى بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی کۆچبەران بۆ ئەوروپا و بەریتانیا دەستگیرکران.

تۆڕی هەواڵی بی بی سی لە زاری دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەوە بڵاویکردووەتەوە، "هەر سێ کەسەکە لە شاری سلێمانی لەنێوان 8 بۆ 12ـی ئەم مانگە دەستگیرکراون و لە ئێستادا بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەرکراون و لێپێچینەوەیان لێدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە یەکەم ئۆپراسیۆنی لەو جۆرەیە، کە دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان بەهاوکاریی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە.

گوماندەکرێت ئەو گرووپەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە هەمان تۆڕی قاچاخچێتییەکەی ئامانج حەسەن زادەوە هەبێت، ئەو کەسەی ساڵی رابردوو بەهۆی رۆڵی لە گواستنەوە کۆچبەران بە بەلەمی بچووک لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزەوە دەستگیرکرا و بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

میدیای بەریتانیا دەڵێت، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان پیاوێکی تەمەن 38 ساڵە، تۆمەتبارە بە کارکردن لەگەڵ تۆڕی قاچاخچێتی بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بۆ یۆنان و ئیتاڵیا لە رێگەی یەختەوە.

دەستگیرکراوی دووەم، خاوەنی کۆمپانیایەکی حەواڵەیە و لە چلەکانی تەمەنیدایە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بەناو زادەوە.

کەسی سێیەم لە سییەکانی تەمەنیدایە، وەک نێوەندگیرێک لەناو ئەو گرووپەدا کاریکردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆچبەران بە مەبەستی گواستنەوەیان لەلایەن تۆڕەکەوە.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکە لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئەمدواییەی بەریتانیا لەگەڵ عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی سنورەکان واژۆیان کردووە، ئەنجامدراوە.

کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و رێککەوتنی هاوبەشییان واژۆ کرد.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە بەریتانیا بەبڕی 800 هەزار پاوەن هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی، کۆچی نایاسایی، تاوانە رێکخراوەکان و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان.

15/01/2025
loading....