سەرۆکی لەکارلادراوی کۆریای باشوور دەستگیرکرا

یۆن سوک یۆل، سەرۆکی لەکارلادراوی کۆریای باشوور لەسەر دۆسییەی سەپاندنی باری لەناکاو لە وڵاتدا دەستگیرکرا و رەوانەی بارەگای دەستەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی بەرپرسانی پلەباڵا کرا.
یۆن لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە دوای دەستگیرکردنی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند،" بۆ رێگریی لە خوێنڕشتن ملکەچی بڕیاری هێزە ئەمنییەکان بووم"، سەرباری ئەوەی جەختیکردووەتەوە، "ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەگەڵیدا دەکرێت نایاساییە".
پێشتر لێکۆڵەران لە سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە یەکەم هەوڵیاندا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی لەکارلادراو شکستییان هێنا، دوای ئەوەی پاسەوانانی کۆماری رێگەیان نەدان بچنە ناو بارەگای سەرۆکایەتییەوە.
ئەوە یەکەم دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵاتە لە مێژووی کۆریای باشووردا کە لەکاتی دەسەڵاتدا دەستگیربکرێت.
دوای دەستگیرکردنەکە، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی کۆریای باشور رایگەیاند، "یەکەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی سیستمی دیموکراسی".
رۆژی 31ـی مانگی رابردوو، دادگایەکی کۆریای باشوور بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ یۆن سوک یۆل، سەرۆکی لەکارلابراوی وڵاتەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاندبوو.