عەبدولقادر سەلڤی: ئەردۆغان رەتیدەکاتەوە ئۆجەلان لە ئیمراڵی دەربکرێت

رۆژنامەیەکی نزیک لە ئاکپارتی بڵاویکردەوە، ئەردۆغان گوتوویەتی بڕیاری لێبوردن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەرناکرێت و خودی ئۆجەلانیش نایەوێت ئیمراڵی جێبهێڵێت.
رۆژنامەی حوڕییەتی نزیک لە ئاکپارتی، لە زاری رۆژنامەوانی دیاری رۆژنامەکەوە عەبدولقادر سەلڤی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی پارتەکەی گوتوویەتی، شتێک نییە بەناوی سزای بەندکردن لە ماڵەوە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، خودی ئۆجەلانیش دواکاریی لەو جۆرەی نییە و نایەوێت بچێتە دەرەوە.
وەک سەلڤی ئاماژەی پێکردووە، ئەردۆغان رەتیکردووەتەوە لێبوردن بۆ رێبەرە زیندانیکراوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەربکرێت. هاوکات بە یڵماز تونچ، وەزیری دادیشی گوتووە، ئەو زانیارییانە بۆ خەڵک روونبکەنەوە کە لێبوردن لە ئارادا نییە.
سەلڤی ئەوەشی گواستووەتەوە، ئەردۆغان باسی ئامانجی ئەو پرۆسە نوێیەی کردووە کە بە بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکردووە و گوتویەتی، ئامانجیان ئەوەیە لە ئەمساڵدا کۆتایی بە "تیرۆر" بهێنن.
باسی لەوەشکردووە، ئەم پرۆسەیە بریتیی نییە لە دانوستان، بەڵکو پێویستە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو دەبێت لە عێراق و سووریاش چەک دابنێت.
سەلڤی دەڵێت، ئەردۆغان داوای کردووە لەپێناو نەهێشتنی گومان و نیگەرانییەکان، بەشێوەیەکی باش پرۆسەکە بۆ خەڵک روون بکرێتەوە.