رێککەوتننامەی عێراق و کۆمپانیاى بى پى بەریتانى بۆ چوار کێڵگەى نەوتی لە کەرکوک

test

لەگەڵ سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەریتانیا، حکومەتى عێراق رێککەوتنێکى لەگەڵ کۆمپانیاى بى پى بەریتانى کرد بۆ پەرەپێدانى نەوت و گاز لە کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک.

فەرهاد حەمزە، شارەزا لە بوارى نەوت، بە کەناڵـى8ـی راگەیاند "رێککەوتنەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى بى پى بەریتانى بۆ کێڵگەکانى خەبازە و باى حەسەن و جەمبور و کەرکوک واژۆ کراوە".

ناوبراو گوتیشى، "رێککەوتنەکە لەسەر بنەماى هاوبەشییە لە قازانجدا، واتا پاش دەرکردنى خەرجییەکانى باج و خەرجیی دیکە، لە قازانجەکەى هاوبەش دەبن، بەڵام هێشتا رێژەى سەدی قازانجی هەر لایەنێکیان ئاشکرا نەکراوە".

هەروەها ئەوەشى روونکردەوە، ئەوەى بە رووکەش دیارە لە گرێبەستەکەدا، تەنیا ناوى ئەو چوار کێڵگەیە هاتووە، کە پەرەپێدانى بەرهەمى نەوت و سوود وەرگرتنە لە گازى هاوەڵى نەوت لەو کێڵگانەدا، باسى کێڵگەکانى دیکەى ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان نەکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـى کانوونى دووەم، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای 'بى پى بەریتانی' سەبارەت بە گەشەپێدانی کێڵگەکانى کەرکوک راگەیاندووە.

لە راگەیەندراوەکەى حکومەتى عێراق، ئەوە روونکراوەتەوە، کە مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەڵسەنگاندنی گەشەپێدانی تەواوەتیی چوار کێڵگەی کەرکوک بۆ جێبەجێکردن لە لەندەن بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونى وەزیرى نەوتى عێراق.

بی پی بەریتانی ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووە، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوودا نەوتیان لە کەرکوک دۆزیوەتەوە، کە لە نوێترین خەمڵاندنى بۆ کێڵگەکانى نەوتى کەرکوک ئەوەى راگەیاندووە 9 ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە.

loading....