دی ئێن ئۆ: فرۆشى نەوت لە چارەکى چوارەمى 2024دا کەمیکردووە

test

ئاستى بەرهەمهێنان و فرۆشى کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆتایى ساڵى 2024دا کەمیکردووە.

کۆمپانیاکە لە راپۆرتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی و فرۆشی بۆ نیوەی دووەمی 2024 خستووەتەڕوو، دەرکەوتووە لە چارەکى سێیەمى ساڵەکەدا بەرهەمهێنان 84 هەزار و 212 بەرمیلى رۆژانە بووە، لە چارەکى کۆتاییدا بۆ 74 هەزار و 163 بەرمیل دابەزیوە، بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت بە چارەکى کۆتایى 2023 بەرهەمهێنان زیادیکردووە، چونکە ئەو کاتە رۆژانە 65 هەزار و 773 بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە.

کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی 2024دا بەبڕى 17 هەزار و 424 بەرمیل نەوتى فرۆشتووە، لە کاتێکدا لە چارەکى سێیەمى هەمان ساڵ، بەبڕى 17 هەزار و 607 بەرمیل نەوتى فرۆشتووە، بەڵام لە چارەکى چوارەمى ساڵى 2023، رۆژانە 26 هەزار و 57 بەرمیل نەوتى فرۆشتووە، بەم بەراوردە بێت نزیکەى 10 هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە.

داهاتى فرۆشى کۆمپانیاکە لە چارەکى چوارەمى 2024دا، 27 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕەش 900 هەزار دۆلارى وەک باج داوەتە حکومەتى نەرویج.

 DNO کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نەرویجییە لە ساڵی 1971 دامەزراوە، مۆڵەتی گەڕان و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانى نەوت و گازى لە هەرێمی کوردستان، نەرویج، بەریتانیا، کۆت دیڤوار، هۆڵەندا و یەمەن هەیە.

loading....