سودانی کۆتایی بەسەردانەکەی بۆ بەریتانیا هێنا

محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەریتانیا هێنا و گەڕایەوە بەغداد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند،" محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانى عێراق، لەندەنی پایتەختی بەریتانیای بەجێهێشت، دوای کۆتاییهێنان بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەریتانیا و گەڕایەوە بەغداد".
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا چەندین کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی باڵای بەریتانیا ئەنجامداوە و چەندین یاداشت و رێککەوتنی واژۆکردووە.
بە گوێرەی نووسینەگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی لە سەردانە چەند رۆژییەکەیدا بۆ لەندەن چاوی بە شای بەریتانیا چارلسی سێیەم کەوتووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کیێر ستارمەر کۆبووەتەوە و دواتریش لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا رێککەوتنێکی فراوانی نێوان عێراق و بەریتانیایان ئاشکراکرد.
هەر بە گوێرەی نووسینگەکەی، سودانی جگە لە دیدارە سیاسییەکانی چەندین دیداری ئابووری و زانستی و فەرهەنگی ئەنجامداوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کۆتایی بەسەردانەکەی هێناوە و گەڕاوەتەوە عێراق.