لە دوو هەفتەى یەکەمى ئەمساڵ نرخى نەوت 5% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە

نرخى نەوتى خاو لە دوو هەفتەى یەکەمى ئەمساڵ، لە بازاڕەکاندا بەرێژەى زیاتر لە 5% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، هۆکارەکەشى بۆ نزیکبوونەوەى دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە.
یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 81 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، لەکاتێکدا لە دووەم رۆژى ساڵى 2025 یەک بەرمیل بە 76 دۆلار و 20 سەنت بووە.
هاوكات، یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساسى ئەمریکا بە 79 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، لەکاتێکدا لە دووەم رۆژى ئەمساڵ یەک بەرمیل نەوتى تەکساس بە 73 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرا.
نرخى نەوتى خاو بەرەو سێیەم بەرزبوونەوەی هەفتانەی لەسەریەک دەڕوات و هێشتا نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، ئەوەش بەهۆى کەمبوونەوەی نەوت لە کۆگاکانی ئەمریکا و خواست لەسەر سووتەمەنی گەرمکەرەوەی زستانە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، وەکو سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا، بازرگانان خۆیان بۆ گۆڕانکاری لە بازاڕى نەوت ئامادە دەکەن، وەکو باج لەسەر نەوتی کەنەدا و رێوشوێنی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا.