راگەیەندراوێک لە کەناڵ8ـەوە لە یەکەمین ساڵیادی پەخشیدا

رۆژی 18ـی كانوونی دووەمی 2025 ساڵێک بەسەر دەستپێکی پەخشی کەناڵ8ـدا تێپەڕدەبێت. کەناڵ8 بە درێژایی ئەو ساڵە پابەند بە بنەما رۆژنامەوانی و پیشەییەكان درێژەی بە كاركردندا و بۆ هەمیشەش هەروا دەمێنێتەوە.
ئەوەی لە ساڵی رابردوودا بۆ ئێمە لە هەمووشتێك گرنگتر و مایەی جەختلێكردنەوە بوو، پابەندبوون بوو بە درووشمەكەمانەوە (تۆ شایەنی راستییت). راستی لای ئێمە چەقی كاركردن بووە و دووركەوتنەوە لە زانیاریی ناڕاست و گوتاری نابەجێ ئەركمان بووە. دڵنیایی دەدەین وەكچۆن لە ساڵی رابردوودا كەناڵ8 دەنگی هەموو بێدەنگەكان و كۆكەرەوەی هەموو رەنگەكان بوو، لەداهاتووشدا هەروا دەمێنێتەوە.
ئیرادەیەکی بەهێز
تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەخشی کەناڵ8ـدا، تێپەڕبوون بوو بەسەر ئەو ئاستەنگییە گەورانەدا، کە بەبێ بوونی "ئیرادەیەکی بەهێز" هەرگیز رووینەدەدا.
ژینگەی هەواڵ و زانیاری لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش، ژینگەیەكی هێند لەبار نییە بۆ میدیایەك كە ئامانجەكەی تەنیا و تەنیا پێدانی راستی بێت بە وەرگرەكانی، بێگومان ئەگەر ئەو ئیرادە بەهێزەش نەبووایە، گەیشتن بەو ئاستە بەرزەی كاركردن و پێشوازیی گەرمی هەمووان لەم پرۆژە میدیاییە بەدینەدەهات.
ساغکردنەوەی زانیارییەکان
لەبەرئەوەی تۆ شایەنی راستییت، دەبوو راستییەکانیشت بەبێ هیچ دەستکارییەک و دوور لە هەموو بەلاڕێدابردنێكدا پێبگات، بۆیە ئەزموونەكەمان بە سەختی دەستیپێكرد. بەڵام مكوڕیمان لەسەر درووشمەكەمان و پابەندییە باڵاكانمان بە پیشەكەمانەوە، لێكۆڵینەوەی ورد و هەوڵی چڕی پەیامنێرانمان لە شوێنی رووداوەكان، ئەزموونی دەوڵەمەندی رۆژنامەوانانمان و خۆدەوڵەمەندكردنی پێشكەشكارەكانمان، سەختییەكانی كەمدەكردەوە و شانازییەكانی زیاد دەكرد، چونكە بۆ ئێمە هیچ شانازییەك لەوە گەورەتر نییە جێگەی متمانەی وەرگرەكانمانبین و هەرواشمانكرد.
شانازیی یەکەم
پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ کەناڵ8 لە هەرە قورسترین ئاڵنگارییەکان بوو، بەڵام "ئیرادە بەهێزەکە" ئەم ئاڵنگارییە قورسەی بۆ شانازییەکی لەبیرنەکراو گۆڕی.
ئەوەی کەناڵ8 بە درێژایی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدانیش ئەنجامیدا، نووسینەوەی مێژوویەكی نوێ و درەوشاوە بوو لە میدیای كوردیدا، چونكە لەمێژووی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا هەرگیز میدیایەك بەو هاوسەنگییە و دوور لە لایەنگری رووماڵی هەڵبژاردنەكانی نەكردبوو.
خەڵاتی نێودەوڵەتی
کەناڵ8 پێش داگیرساندنی مۆمی یەک ساڵەی، دەستی بە چنینەوەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان كرد و ناوی خۆی لەسەر نەخشەی میدیای جیهانی تۆمارکرد.
لەو ماوە کەمەدا، دیزاین و براندینی کەناڵ8 هاوتەریب بە ناوەڕۆکە هاوسەنگەکەی، سەرنجی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بۆ خۆی راكێشا.
خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان لە بواری براندینی تەلەڤزیۆنیدا بوون، دووانیان زێڕین و یەکێکیان برۆنز، لەلایەن هەردوو دامەزراوەی نیکسی ئەڵمانی و ئایز & ئییەرزی ئەوروپییەوە بەخشرانە کەناڵ8.
رووماڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی
شانازییەکی دیکەی کەناڵ8، رووماڵی رووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بوو. ئەو رووماڵانەی سنووری کارکردنی کەناڵ8ـیان گەیاندە دوورترین جوگرافیا: لەوپەڕی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوا.
جگە لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی تورکیا، ئێران و ئەمریکا، ئاڵۆزی و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە چەقی کارکردنی کەناڵ8.
پەیامنێرانی کەناڵ8 دابەشبوون بەسەر زۆرینەی پایتەخت و ناوچەی گەرمی رووداوەکاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاهیدی جەنگی غەززە و ئاڵۆزییەکانی باشووری لوبنان بوون، ئەوکاتەی گرژییەکانی سووریاش گەیشتنە لوتکە، کەناڵ8 لە بەهێزترین ئەو کەناڵانە بوو، کە دەستی بە رووماڵی 24 کاتژمێری کرد و زیاتر لە مانگێکیشە بەبێ وەستان بەردەوامە.
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەشدا، کەناڵ8 ژمارەی پەیامنێرەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیادکرد و کێبڕکێی کەناڵە جیهانییەکانی کرد بۆ گواستنەوەی راستییەكان و دیمەنە سەرنجڕاكێشەكان.
خێرایی و بوێری
ئەوەی دیجیتاڵی كەناڵ8 لە میدیاكانی دیكە جیادەكاتەوە، هەرگیز متمانەی وەرگرەكانی پێش ئەو هەرا و زەنایە نەخست كە بەشێك لە میدیاكانی دیكە دەیكەن، وەرگرەكانمان بۆ ئێمە تەنیا ژمارە نەبوون و لافی پێوە لێبدەین، بەڵكو ویستومانە ئەوەی راستییە پێیانبگات و ئەوەی گرنگە بیزانن. لەم گەشتە میدیاییەدا لەگەڵمانبن و هاوكارمانبن لە سەرخستنی راستی و پێكەوە داهاتوویەی گەشتر بونیادبنێین.
ساڵی دووەم، ئەركی گەورەتر
لەكاتێكدا پێدەنێینە دووەم ساڵی كاركردنمانەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییەكان و رووبەڕووبوونەوەی سەختییەكان، خەونمان فراوانتركردنی سنوورەكانی كاركردن و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستانەیە كە دێنە رێگەمان. بەڵام دڵنیایی دەدەینەوە هەمووان ئەوەی لە ساڵی نوێی كاركردنماندا پێشكەشی دەكەین، زۆر زیاتر و گەورەترە لەوەی كردوومانە، چونكە: ئێوە سەرمایەی ئێمەن و ئەو وزەیەی لە ئێوە وەریدەگرین، هاندەرمانە بۆ بەردوامبوونمان.
ئەوەی لە سەرەتای پەخشی کەناڵ8ـدا گوتمان دووپاتیدەكەینەوە: ئەو گەشتەی لە سێبەری چیاکانی سلێمانییەوە دەستیپێکرد و بەناو وڵاتی دوو رووباردا تێپەڕدەبێت، بەردەوامدەبێت. باوەڕی تەواومان سەبارەت بە كارەكەمان نەگۆڕە: هەواڵ تەنیا رێگەیەک نییە بۆ زانین، بەڵکو هێزێکە بۆ گۆڕانکاری.