ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەنگ لەسەر هەموارى یاساى بودجە دەدات

ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر هەموارى یەکەمى یاساى بودجەى سێ ساڵەى عێراق دەدات.
بەگوێرەى کارنامەى ئەنجوومەنى نوێنەران، ئەنجوومەنەکە لە دانیشتنى ئەمڕۆیدا، لە کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ، دەنگ لەسەر پێنج هەموارى یاسا و پرۆژەیاسا دەدات و خوێندنەوەى یەکەمیش بۆ سێ پرۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا دەکات، بەبێ بوونى پرۆژەیاساى لێبووردنى گشتى لە کارنامەکەدا، کە بەهۆیەوە سوننەکان بایکۆتى دانیشتنەکانیان کردووە.
پێشتریش لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ پەسەندکردنى هەموارى یاساى بودجەى عێراق، داوایکرد حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ پابەند بێت.
نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى و بەشداربووى کۆبوونەوەکە، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەى دوێنێى لیژنەکەدا هەموارەکە پەسەند نەکرا، بەڵام بڕیارە پێش کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێنەران، پەسەندى بکەن و لە ئەنجوومەن بیخەنە دەنگدانەوە.
لیژنەى دارایى لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەى بەوەکردووە، پێشنیازەکەى حکومەت بۆ هەموارکردنەوەى بڕگەی 12ـی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، بە شێوەیەک دەبێت کە دڵنیایى لە چارەسەری کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش وەک پێشەکییەک بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر.